بەوێنە… زریانێکی بەهێز هیندستانی گرتەوە

لڤین:
زریانێکی بەهێز هیندستانی گرتەوە کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و بەهۆیەوە جگە لە گەیاندنی زیانێکی زۆر بەو وڵاتە 6 كەسیش گیانیان لەدەستدا.
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە زریانێکی بەهێز کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، کەناراوەكانی ڕۆژئاوای هیندستانی گرتوەتەوە، بەپێی زانیارییەكان، خێرایی (با) 140 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و بەرەو باكوری وڵاتەكە دەجوڵێت و كەشناسی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، ئەگەری هەیە خێرایی “با”كە بۆ 175 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا زیاد بكات.
بەپێی زانیارییەکان تائێستا لانی كەم 6 كەس بەهۆی زریانەکە و بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و زۆرێك لە خانو و ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانیش وێران بووە و تۆڕی كارەباش بەهۆی با توندكەوە پچڕاون و هەزاران کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و ئاوارەبوون.
لە ڕاگەیەنراوێكدا حكومەتی هیندستان ئاشكرایكرد، هەموو هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەكان لەو ناوچانەی زریانەکە گرتونیەتەوە دەگرنەبەر.
هەڵکردنی ئەو زریانە لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە زیاتر لە دوو هەفتەیە ڕیكۆردی زۆرترین تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا تۆمار دەكات، زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش ڕێگای هاتووچۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاندووە.