رێبەر ئەحمەد: سەرجەم یەکە پاسەوانیەکان دەکرێنە بەڕێوەبەرایەتیەک

لڤین:

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، یەكە پاسەوانییەكانی دەكرێنە یەك بەڕێوەبەرایەتی لەوەزارەتی ناوخۆ.

 

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبوەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مەبەستی كۆبوونەوەكە بەدواداچوون بوو بۆ یاسای چاكسازی.

 

ئەو وتیشی: ئەو پەیڕەوەی پێویست بوو بۆ دروستكردنی یەكەی پاسەوانی، یان بەڕێوەبەرایەتی پاسەوانی لەوەزارەتی ناوخۆ، بەواژووی سەرۆكی حكومەت دەرچووە، لەدوایین كۆبوونەوە بڕیاری لێدراوە، دوای ئەمەش وەزارەتی ناوخۆ دەست بەدروستكردنی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەكات.

 

وەزیری ناوخۆ ئاشکرایکرد “هەموو ئەو یەكە پاسەوانییانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە، زێڕەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، دەزگا ئەمنییەكان و‌ پۆلیسن، سەرجەمیان هەڵدەوەشێتەوە و دەكرێنە یەك بەڕێوەبەرایەتی و لە وەزارتی ناوخۆ “.

 

ئەوشی روونکردەوە ئەو پەیڕەوەیان بۆ پەرلەمان شیكردوەتەوە كە پڕۆسەیەكی پشوودرێژە، بۆیە هەم پێویستی بە پشتگیری زیاتری پەرلەمان هەیە، هەمیش پشتگیری و هاوكاریی لایەنە سیاسییەكان.

 

ئەو داواشی لە هەموو لایەنە سیاسییەكان کرد، لەو بڕگەیەی پەیوەستە بە حزبەكان هاوكارییەكی باشیان بكەن “تا بتوانین لە ئایندەیەكی نزیكدا خشتە و رێنمایی رێكخستنی پاسەوانیی بارەگای لایەنە سیاسییەكان دەربكەین”.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button