عەلی حەمەساڵح پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت دەکات

لڤین:

عەلی حەمەساڵح لەپەیامێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردووە پێشنیار دەکات پرۆژە بازرگانیەکانی ناوچەی حەسارۆک بەیاسا و کێبڕکێ بفرۆشرێت. 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی دەکات و پێشنیاری کردووە کە هەندێک پرۆژە و شوێنی بازرگانی بە یاسا و کێبڕکێ بفرۆشرێت و لە دەقی پەیامەکەیدا  دەڵێت،”کەرتی ھەشتی حەسارۆک حەڤدە ساڵە دابەشکراوەو نزیکەی حەڤدە ھەزار پارچە زەویە، مۆڵەتی بیناو ھیچ خزمەتگوزاریەکی نیە.  ئێستا حکومەت دەیەوێت خزمەتگوزاری بۆ ئەم شوێنە دەستپێبکات، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە  بۆئەوەی خزمەتگوزاری تەواو بگاتە ئەم شوێنە، ئەم پێشنیارە دەکەم، کە چەندین ملیۆن دۆلاریش دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی کە لە سەرحسابی زەوی ئەم ناوچەیە بە ناڕوا دراوە بە چەند کەسێک”.

باسی لەوەشکردووە، “لەگەڵ چەند کەسێکی شارەزای ناوچەکە لێکۆڵینەوەو بەدواداچونمان کردووە، شوێنی بازرگانی و بازاڕو بەنزیخانەو خزمەتگوزاریەکی زۆر بە ناڕەواو نادادپەروەرانە کە بەھاکەی چەندین ملیۆن دۆلارە دراون بەچەند کەسێک! ، ئەگەر ئەم شوێنە بازرگانیانە بەیاساو کێبرکێ بفرۆشرێت بەشی ھەرە زۆری خزمەتگوزاری ھەشتی حەسارۆکی پێدابین دەکرێت.. کارێکیش لەسەر بنەمای نادادپەروەرانە کرابێت دەتواندرێت ھەڵبوەشێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش کردووە،” پاش گفتوگۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، سبەی بۆ کارێکی ھاوشێوە دەچینە گەرمیان، کە ملیۆنان دۆلار بۆ خزمەتگوزاری گەرمیان دابیندەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button