پێشهاتی مانگ

ململانێی نێوان گومەزی ئاسنین و موشەكەكانی حەماس

 

لە مێژووی پڕ گرژیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكاندا هیچ قەیرانێك بەقەد قەیرانی ئێستا كاریگەری لەسەر مەسەلەی فەلەستین بەجێ ناهێڵێ. قەیرانەكە لە گەڕەكێكی قودس دەستی پێكرد و بزوتنەوەی حەماس لە غەززە قۆستییەوە و تەشەنەی پێدا. دەستپێشخەری حەماس لە فراوانكردنی بازنەی ململانێكە بە خۆڕایی نەبوو. حەماس گونجاوترین كاتی بۆ خۆنواندن هەڵبژارد: لەلایەك ئیسرائیل نغرۆ بووە لە قەیرانی سیاسی پێكهێنانی كابینەی تازە و لە لایەكی ترەوە تێوەگلاوە لە بەرپەرچدانەوەی راپەڕینی عەرەبی قودس.

 

وەك دەردەكەوێ، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەو ململانێیە ئامادە نەكردبوو و هیچ پێشبینی ئەوەی نەكردبوو حەماس بەو تەوژمە هێرش بكات. موشەكبارانكردنی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە لاوازیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەردەخا كە لە لایەك پێشبینی هێرشی موشەكی حەماسی نەكردبوو و لە لایەكی ترەوە هەڵسەنگاندنی وردی بۆ توانای موشەكی حەماس نەكردبوو. هەر بۆیە، لەگەڵ یەكەم موشەكباراندا تووشی شۆك بوو. گومەزی ئاسنین نەیتوانی بەرپەرچی موشەكەكان بداتەوە. هەواڵگریش زانیاری لەسەر پەرەپێدانی هێزی موشەكی حەماس نەبوو. بۆیە، موشەكبارانكردنی تەل ئەبیب بەو چڕییە سەرسوڕهێنەرە، بۆ ئیسرائیل سوپرایزێكی پێشبینی نەكراو بوو. دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە گێژاودا دەژی و تا ئێستا نازانێ چۆن حەماس توانیویەتی ببـێ بە خاوەنی ئەو هێزە موشەكییە وێرانكەرە گەورەیە. موشەكەكان ئیسرائیلیان ناچاركرد فڕۆكەخانە سەرەكییەكانی دابخات. ئەوەی كە موشەكەكان فڕۆكەخانەی رامون لە نزیك كورەی ئەتۆمیی دیمۆنا بپێكن، نیشانی دەدا كە گۆڕانێكی زۆر بەسەر رێساكانی پێكداداندا هاتووە، هەروەها لێدانی بۆریی گواستنەوەی گاز لە ئیلاتەوە بۆ ئەشكەلون لە كەنداوی عەقەبە، گوزارشتە لە بیركردنەوەیەكی ستراتیجی كە لەمەوبەر لە حەماس بەدی نەدەكرا.

 

هەرچەند ئیسرائیل هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پەی بەوە بردووە كە دەوڵەتێكی بێ قووڵایی ستراتیجییە، بەڵام قەیرانی ئەم دواییەی موشەكەكان ئەوەندەی تر ترس و دڵەڕاوكێی لە ناخی ستراتیج دانەرانی ئیسرائیل قووڵ كردەوە.

 

قەیرانی موشەكەكان دوو راستی بۆ ئیسرائیل دەرخست، یەكێكیان ئەوەیە كە هەموو هەوڵەكانی بۆ تێكهەڵكێشكردنی عەرەبی ئیسرائیل كە پێیان دەوترێ عەرەبی 1948 شكستیان هێناوە، چونكە ئەم بەشەی عەرەب كە بە شێوەیەكی فەرمی بە هاووڵاتی ئیسرائیلی دەژمێردرێن، لە بەرەنجامی كۆتاییدا پشتیوانییان لە هاوڕەگەزەكانی خۆیان كرد و لە زۆربەی ناوچە تێكەڵاوەكاندا رژانە سەر شەقام و ئاژاوەیان نایەوە. ئەمە بەم واتایە دێت كە موشەكەكانی حەماس بونە مایەی تێكدانی تەونی كۆمەڵایەتی ناو ئیسرائیل و بونە مایەی بەگومانكەوتن لە دڵسۆزی عەرەبی 1948 بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. راستی دووەم ئەوەیە كە سەرۆكێكی وەك مەحمود عەباس پشتی پێ نابەسترێ و هیچ كاریگەری لەسەر رەوتی رووداوەكان نییە.

 

شكستی حكومەتی ئیسرائیل لە پاراستنی قووڵایی وڵاتەكەی، بەم مانایە دێت كە حكومەت دەبێ بە هەموو تیۆرییەكانی پێشوودا بچێتەوە و هەڵسەنگاندنێكی دروست تر و واقیعبینانەتر بۆ پێداویستییەكانی ئاسایشی دەوڵەت بكات.

 

شكستی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكەی ساڵی 2014ی ئیسرائیل لە دژی غەززە و تەنگهەڵچنینی ئەمجارەی غەززە بە ئیسرائیل، نیشانی دەدا كە ئیسرائیل بە درێژایی سەردەمی حكومڕانی نەتانیاهو پاشەكشەی كردووە و پێویستی بە نەوەیەكی تازەی سەركردەیە كە بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان، بە تایبەتی كە قەیرانی موشەكەكان دەریانخستووە كە نە ئیسرائیلی ئەمڕۆ ئیسرائیلی دوێنێیە و نە غەززەی دوێنێ غەززەی ئەمڕۆیە.


فەرید ئەسەسەرد

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button