فەرمانبەرانی گرێبەست داوای بە هەمیشەی کردنیان دەکەن

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست لڤین کەوتووە، فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاندووە،” ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە شاهیدی ئەو دەزگایانەی کاری لێدەکەین ئەرکێکی قورس بە موچەیەکی زۆر کەم بەجێ دەهێنین و لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا فشاری زۆری دارایی و دەرونیمان لەسەر دروستبووە بەهۆی ئەو جیاکاریە زۆرەی لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان ئێمە و فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەکرێت.”

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە لە فەرمانبەرانی گرێبەستەوە

ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە شاهیدی ئەو دەزگایانەی کاری لێدەکەین ئەرکێکی قورس بە موچەیەکی زۆر کەم بەجێ دەهێنین و لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا فشاری زۆری دارایی و دەرونیمان لەسەر دروستبووە بەهۆی ئەو جیاکاریە زۆرەی لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان ئێمە و فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەکرێت.

بەڕێزان زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەک تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوکردووە بەڵکو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 – 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەکراوینەتە هەمیشەیی.

سەرەڕای چاوەڕوانییەکی زۆر لەگەڵ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ئومێدمان وابوو حکومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێت بۆ بەهەمیشەیی بوونمان و هەروەک چاوەڕێ بووین لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بودجەی گشتی عێراق و بەر لە ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەکدا بچەسپێت ئەو داوایەشمان لەو ڕوانگەیەوەیە کە لەکاتی بە هەمیشەییبوونمان مووچەی زۆرینەمان کەم دەکات و بە هەمیشەیی بوونی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بڕی دوو ملیار دینار خەرجی مووچە بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە ئەوەش بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە سەلمێنراوە.

بەڵام ئەوەی گوێبیستی بووین لە بەرپرسانی حکومی بەتایبەت لە چاوپێکەوتنی ئەمشەوی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی لە کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە ئەوەیە کە فەرمانبەرانی گرێبەست قۆناغ بە قۆناغ دەخرێنە جێگەی میلاکاتی بەتاڵ واتە دەخرێنە شوێنی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2014 وە خانەنشین بوون یان کۆچی دواییان کردووە یان بە هەر هۆیەک لە کەرتی حکومی نەماون، ئەمەش ستەمێکی زۆر گەورەیە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەم لە گرێبەستەکان لەو ڕێگەیەوە دەکرێنە هەمیشەیی و ڕێگەش خۆش دەبێت بۆ بەش بەشێنەی حزبی خاوەنی مافی ڕاستەقینە لە مافەکەی بێبەش دەبێت.

ئێمە لێرەوە جارێکی تر ڕووی قسەمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین کە وەک چۆن مامۆستایانی گرێبەست لەساڵی ڕابردوو کرانە هەمیشەیی سەرەڕایی بارگرانی دارایی بۆ حکومەت لەو دۆخە سەختەدا، گرێ کوێرەی پرسی بە هەمیشەیی بوونی ئێمەش لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنەوە و چیدیکە ئەم چینە ستەم لێکراوە لە چاوەڕوانیدا نەهێڵنەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری پشتگوێ خستنمان سەرجەم لایەنە بەشدارەکان لە حکومەت بە بەرپرسیار دەزانین لەم پرسە.

لەگەڵ ڕێزدا
نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button