پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە هۆشداری دەداته‌ خاوەنی چەند جۆرێک ئۆتۆمبێل

لڤین:

بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە، ئه‌مڕۆ ( یه‌ك شه‌ممه‌ ١٦ی ئایاری ٢٠٢١ ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،”لە ڕێککەوتی ( ٣٠ ی ئازاری ٢٠٢١ ) سکاڵاکارێک ئامادەی بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بوو ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابی لێدزراوە لە بازاڕ لە گەڕەکی جولەکەکان، پاش بەدواداچوون و دوای یەک مانگ و شەش ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە توانرا ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی بدۆزرێتەوە و بۆی بگەڕێندرێتەوە، تۆمەتبارەکەش دەستگیر بکرێت.”

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە، داوای لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی هەر سێ جۆری ( مازدا، پیکاب نیسان و تۆیۆتا هایلۆکس) کرد، “ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنێک رابگرن کە چاوی هاووڵاتی لەسەرە، یان لەو گەراجانە رایبگرن کە کامێرای لێیە، چونکە بردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ئەو کەسانەی کە چاویان لە ماڵی خەڵکە، ئاسانە و سویچەکانیان زوو ئیشی پێدەکرێت، بۆیە داوایان لێدەکەین ئۆتۆمبێلەکانیان لە لاکۆڵان و لە گەراجانە بەجێنەهێڵن کە کامێرای چاودێریان لێ نییە”.

هەروەها لە بەشێکی تری كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتەبێژەکەی پۆلیس ئاشکرای کرد،” حەوت دۆسییەی تاوان لە رۆژانی جەژندا تۆمار كراوە و ژمارەیەك هاوڵاتی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر كراون ، وتیشی سەرەڕای هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو رووی نەداوە هیچ دۆسییەك لەسەر گەشتیاران تۆمار نەكراوە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button