شاسوار عەبدولواحید ببەن بۆ مۆزەمبیق

پێش چەند ساڵێک سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید، کە وا دەردەکەوێت دۆناڵد ترامپ سەرچاوەی فیکری و دنیابینیی بێت، بیرۆکەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی خستە ناو دیمەنی سیاسی کوردستانەوە. شاسوار، دووای چەند سەردانێک بۆ ئەمریکا بەبێ ئەوەی لە بیرۆکەکە تێبگات و شتێک دەربارەی ژینگەو مەسەلە ئایکۆلۆژییەکان بزانێت، گواستیەوە بۆ کوردستان، کە هێشتا جەماوەری دەنگدەر تیایدا، دەنگ بە مەتەڵی سیاسی دەدات نەک مافی سیاسی.
هەر هاووڵاتییەکی کوردستان لەم ڕۆژانەدا، هەواڵی کۆمپانیاکانی شاسوار بخوێنێتەوەو گوێ لە قسەکانی بگرێت کە دەربارەی ئاژەڵان دەیکات، باشتر لەوە تێدەگات کە بیرۆکەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی کە پێش چەند ساڵێک بەشێک بوو لە بەرنامە سیاسییەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، نیشانەی تێنەگەیشتنی بوو لە ژینگەو مەسەلە ئایکۆلۆژییەکان. هۆکارەکەش زۆر بەسانایی ئەوەیە کە هەر کەسێک لەئەلف و بای ژینگە تێبگات و بیەوێت ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی گازە گەرم کەرەوەکان لە کەشدا کەمبکاتەوە، ئاژەڵان لە ژینگەی خۆیانەوە ناگوازێتەوە بۆ زیندانێک، ناوی لێنراوە باخچەی ئاژەڵان؛ چونگە سیستمی ژینگەیی فەلسەفەیەکە، خەسڵەتەکانی لە یەک جیاناکرێنەوە. کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان لە کەشدا جیاناکرێتەوە لە پاراستنی فرە-چەشنی Biodiversity.
بۆ ئەوەی باشتریش لەم سیستمە ژینگەییە تێبگەیت، باشتر وایە سەردانێکی مۆزەمبیق بکەیت و لەو ڕۆڵە گرنگە تێبگەیت کە ئاژەڵان لە ناو سروشتدا دەیبینن، نەک خەڵک بە قسەی پۆپۆلیستانە چەواشە بکەیت. بوونی هەر ئاژەڵێک، لە پڵنگێکەوە بگرە تا بوونەوەرێکی بەچاو نەبینراو، بەشێکە لە بالانس و پاراستنی مرۆڤایەتی و ئاژەڵایەتی.
بە کورتیەکەی، ژینگە وەک ئازادیی وایە لەت لەت ناکرێت، نابێت ئازادیی دەنگدان هەبێت و ئازادیی ڕەگەز، کۆمەڵایەتی و ئاینیی پێشێل بکرێت. هەروەها بۆ ژینگەش نابێت باسی وزەی پاک و نوێبوەوە بکەیت، کەچی ئاژەڵان لە دەرەوەی ژینگەی خۆیان بیانخەیتە ناو زیندانێکەوە لە بناری گۆیژە. هەڵبەتە شاسوار عەبدولواحید لە وەڵامی ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەییدا بەرامبەر کردنەوەی باخچەی ئاژەڵان، هەندێ قسەی لەسەر پەیجی فەیسبوکی خۆی کردوە، ئاست و تێگەیشتنی ئەم پیاوە دەردەخەن کە وەک چۆن تێنەگەیشتبوو لە لەگواستنەوەی بیرۆکەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ ناو دیمەنی کوردستان، ئاوەهاش لە ئیکۆ-سیستم و ژیانی ئاژەڵان تێننەگەیشتووە.
ئەو قسانەش کە دەیانکات گوایە خواردن و شوێن و مەلەوانگەی بۆ ئاژەڵەکان دابینکردووە، مایەی پێکەنینە، چونکە ئاژەڵان لەناو ژینگەی خۆیاندا لە ڕووی ئیکۆ-سیستمەوە ڕۆڵی خۆیان هەیە. کاتێکیش لەو ژینگەیە دەریان دەهێنیت و دەیانخەیتە ناو قەفەسەوە دەسکاری ژینگەی سروشتیی دەکەیت و تێکی دەدەیت. مەسەلەکەش لێرەدا تەنها پەیوەست نیە بە مافی ئاژەڵانەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیی هەیە بۆ کۆی سیستمی ژینگەییەوە. هەروەها پەیوەستیشە بە (وەحەدەیەک وجودییەوە)، چونکە مرۆڤایەتی و ئاژەڵایەتی گرێدراون بەیەکەوە، هەر دەسکارییەکی ژینگەی سروشتیی ئاژەڵان، دەسکاری ژیانی مرۆڤایەتیشە.
لێرەدا بۆ ئەوەی مەسەلەکە تەنها ڕەخنەگرتن نەبێت، شاسوار، لەبری ئەوەی ئاژەڵان لە دەرەوەی کوردستان بکڕێت و لەپێناو بیکانکاتە کەرەستەی نمایش، دەتوانێت هەمان پارە لە دروستکردنی پارێزراوێکی سروشتیدا بخاتەگەڕ، یان ئیکۆ-سیستمێکی بچووک بۆ ئەو ئاژەڵانەی کوردستان دروست بکات کە لەژێر مەترسیدان. ئاژەڵی ناو سروشتی کوردستان لەگەڵ کەش و هەواو خۆراک و، تەنانەت لەگەڵ میکرۆ-ئۆرگانیزمی سروشتی وڵاتەکەشدا، تێکەڵە، واتە بەشێکە لە سیستمە ژینگەییەکە، ئەو میکرۆبەی کە شێرێکی بیابانەکانی ئەفریقیا سیستمی بەرگری بەرامبەر دروستکردووە، هەمان میکرۆب نیە لە کوردستانداو لەوانەیە توشی نەخۆشییەکی کوشندەی بکات. لەبەرامبەردا سیستمی بەرگری ئاژەڵێکی ناو سروشتی کوردستان بەهێزەو بەرگەی دەگرێت.
_______
*مەبەست لە مۆزەمبیق سزا نیەو تەنها ئاماژەیە بۆ شوێنێکی دەوڵەمەند لە ڕووی فرە-چەشنی و ژیانی کێویانە Wildlife

خالد سلێمان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button