لە كەركوك بەهۆی شەڕە چەقۆوە نۆ كەس برینداربوون

لڤین:

پۆلیسی عروبە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند،”ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە و لە یەکەم رۆژی جەژن، لە چێشتخانەیەکی کەرکووک، بە ناوی (روکن کەڕادەیە) لە نزیک شوقەکانی موسەڵڵا بەرامبەر گەڕەکی رووناک، شەڕەچەقۆ لەنێوان خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج روویدا و بەهۆیەوە ٩کەس برینداربوون،دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکان باش نییە”.

سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی شيڕەکە پۆلیش ئاشکرای کردووە،”سەرەتا ژمارەیەک گەنج لەگەڵ خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکە بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتریش کۆمەڵێک گەنجی دیکە بۆ پاڵپشتیی گەنجەکان لە گەڕەکی موسەڵڵاوە هاتوون و شەڕەکە گەورەتربووە و “چەقۆ و ساتوورە و چەکیش” تێدا بەکارهاتووە”.

ئاماژە بەوەیش دراوە کە،”خاوەنی چێشتخانەکە و شاگردەکانی لە نەتەوەی عەرەبن و گەنجەکانیش تورکمانن”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،”ئەوانەی برینداربوونە پێنج کەسیان لەلایەنی گەنجەکانن، چوار کەسیشیان خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکەن، گەنجەکان کە برینداربوون تەمەنیان لەنێوان ساڵانی ( ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٩)ـیە. گەنجەکان بۆ نەخۆشخانەی رزگاری گوێزراونەتەوە و خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکەش لە نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتین”.

ئاماژەیش بەوەدراوە کە،”پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، ئەو کەسانەی برینداریشن هەر دەستبەسەرن و دوای چاکبوونەوەیان لە بنکەی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

لە کۆتایدا هاتوە،”بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بریندارەکان تەمەنی 11 ساڵانە و لەلایەنی چێشتخانەکە بووە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button