مەسەلەکە چیە…؟

لە ئێستادا مەسەلەی دەستگیرکراوانی بادینان هەواڵی گەرم و مانشێتی سەرەکی ڕاگەیاندنەکان و، بازاڕی زبڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشی پێوە گەرمە. بێگومان هەموو داکۆکیکردنێک لە مافە سەرە تاییەکانی ئینسان لە کۆمەڵگەدا، ئەرکێکی ئەخلاقی هەموو تاکێکی نیشتیمانپەروەر و بە ئاگایە، بەڵام بە مەرجێک ئەو داکۆکیکردنە لەسەر مەبدەئی ئینسان دۆستی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەوەری قانون بێت.

 

هەندێک لە کەوادری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (بە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشیانەوە)، هەندێک لە ڕوناکبیران، هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان قسەی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە کردوە. لێرەدا بە هیچ جۆرێک هیچ کۆمێنتێکم لەسەر بیروڕای ئەو دەستە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسانە نیە کە نیگەرانی خۆیان لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو دەستگیرکراوانە دەربڕیوە و، هیچ پیلان و پلانێک لە پشت بیرو ڕایانەوە نیە جگە لە هەست و بیری مرۆڤدۆستانە. قسە لە سەر دەربڕینەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و کوڕی دادوەری بەڕێز کاک موسڵیح گەیلانیە.

 

ئەو هەندە لە یەکێتیەکان، لە نیگەرانی ئەوروپا، ڕێکخراوی بەناو نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمەریکا لەسەر کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان زۆر نیگەرانن. لە میانمار و کامبۆجیا گردۆڵکە لە کەللەسەری مناڵ، ژن، پیر و گەنجی بێتاوان دروست ئەکرێت… مناڵانی غەززە لەسەر سفرەی نانخواردن و لە شیرینەخەودا بۆمباباران ئەکرێن… کۆماری ئیسلامی ئێران هەفتانە پەتی قەنارە ئەکاتە ملی خەڵکی کورد… نرخی نەوت و ئەڵماسی نیجێریا خوێنی ڕەشپێستەکانە لە پێناو قازانجی کۆمپانیا قۆرخکاریەکانی خۆرئاوا… کەچی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی بەناو نەتەوە یاکگرتوەکان و پارلەمانەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا بەو هەموو هێزە ئابوری و سەربازیانەیانەوە مێش میوانیان نیە…! ئەرێ ئەم برادەرانە لە چی نیگەرانن؟… لە پێشێلکردنی مافەکانی ئینسان لە هەرێمی کوردستانی عێراق؟… یان لە بەرتەسک بوونەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین؟… یانیش هەڵبژاردن نزیک ئەبێتەوە و برادەران بانگەشەی پێشوەختیان ڕاگەیاندوە؟… مەسەلەکە چیە؟…

لای ئەم برادەرانە دوو جۆر پارتی هەیە. پارتیەک کە دیموکراتخوازە، مەدەنیە، ڕێز لە ئازادیەکانی ئینسان لە کۆمەڵگەکەماندا دەگرێت و معامەلەی خۆشە. پارتیەکەیتر عەقڵیەتی موخابەراتی هەیە، توندڕە وە و معامەلەی ناخۆشە. دیسانەوە ئەپرسین: بەڕاست مەسەلە چیە؟… ئەم تەحلیل و دەستەبەندیەی ئەم برادەرانە بۆ پارتی ئەکەن، لە خۆشەویستی پارتیە؟… یان دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەی خەو و ئارەزوی خۆیانە؟… ئایا برادەران، بەڕاستی ئەندامێکی بنەماڵەی بارزانیان پێ مەدە نیتر و میانڕە وترە لەوانیتریان؟… یان مە سەلە هەوڵێکی گشتگیر و (مەدروسە) بۆ شەق کردنی بنەماڵەی بارزانی (فرق تسد)؟… وە ڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵکی کوردستان دەهێڵمەوە کە زۆر باش ئەزانن ئێمەش و یەکێتیش و هەموو حیزبەکانی تری کوردستان (بە کۆن و نوێمانەوە) نە خێری زیندە ین و نە فریشتەین و، هەر یەکەمان کەموکوڕی و هەڵەی خۆمان هەیە. دواجار ئومێدە کەی برادەران لەسەر ئینشیقاقی ناو بنەماڵەی بەرزانی هەڵچنراوە، چونکە لەت بوونی بنەماڵەی بەرزانی واتە مەرگی پارتی.  بنەماڵەی بەرزانیش ئەبێت پاش زیاد لە ١٠٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان، قسەی خێر و شەڕ لێک جیا بکەنەوە و، لە و ڕاستیە ش تێگەیشتبن کە شەق بوونیان یەکسانە بە سڕینەوەیان لە مەیدانی سیاسی کوردستان بۆ هەتا هەتایە…!

ئەمڕۆ نوسراوێکم بەرچاو کەوت کە لەلایەنی کوڕی کاک موسڵیح گەیلانی، یەکێک لە دادوەرەکانی کەیسی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینانەوە نوسراوە (بە پێی هەواڵەکەی کە بڵاوبۆتەوە). دیسان پرسیار: مەعقولە کەسێک کوڕی دادوەر بێت و قسەی لەسەر حوکمی دادگا هەبێت؟… بە چ حەقێک کوڕی دادوەر حوکمی ئیعدام بۆ گومانلێکراو یان تاوانبارێک دەرئەکات؟… عەجەبا ئەگەر کوڕی دادوەر بەم زمانە شڕە جنێوفرۆشە داکۆکی لە باوکی بکات، ئەبێت لە ماڵەوە چ پەروەردەیەک درابێت…؟ عەجەبا ئینسانی بە ئەدەب لاسایی کردار و گوتاری کەسانی بێ ئەدەب ئەکاتەوە؟… مەسەلەکە چیە؟… ئەم پرسیارانەش با بەرەوڕوی دادوەری بەڕێز کاک موسڵیح گەیلانی ببێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button