پارێزگاری هەولێر بڕی هاوکاری و بەخشینەکانی شارەکەی لە رەمەزاندا راگەیاند

لڤین:  

پارێزگاری هەولێر بڕی ئەو پارە و هاوکاریانەی ئاشکراکرد کە لە مانگی رەمەزاندا لە شارەکە بەخشراوە و دەڵێت ١٢ خانوش بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروستکراوە.

 

پارێزگاری هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان EJCC/ پارێزگای هەولێر، بەهاوکاری و هەماهەنگی خێرخوازان و خواپێداوانی شارەکەمان و گروپ و کۆمپانیاکان کە لەسەر داوای خۆیان ناویان ناهێنین، هەڵسان بە دابینکردنی هاوکاری و کۆمەک بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژارانی سنووری پارێزگاکەمان.

پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەوڵ و بەخشینەکانیان کردووە و ئاشکراشیکردووە دوای جەژنی ڕەمەزانیش لە ڕێورەسمیکدا بەفەرمی سوپاسنامە و ڕێزلێنیان پێشکەش دەکرێت.

ئەوەشی راگەیاندووە کە هاوکاریەکان بە شێوەی (سەلەی خۆراک، هاوکاری دارایی، پێداویستی پزیشکی، کەل و پەلی پاککەرەوە) بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و خێزانی شەهیدان و کەرتی تەندروستیی و ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێبووی سنوری دابەشکراوە.

ئەوەشی راگەیاندووە، لەمانگی ڕەمەزان نۆهەزار و ٣٥٦ داواکاری هاوکاری پێشکەش بە پارێزگای هەولێر کراوە، لە نێویاندا هەزار و ٥٧٣ کەس، بەهۆی سەختی دۆخی داراییان هاوکاری دارایی کران..

راشیگەیاندووە لەلایەن خێرخوازان و کۆمەکبەخشانەوە لەڕێگەی پارێزگای هەولێر و قائیمقامیەت و ناحییەکانەوە، ١٧٧ هەزار سەلەی خۆراک بەسەر خێزانە کەمدەرامەت و هەژارەکان دابەشکرا.

لەوماوەیەدا (١٢) خانووی (١٠٠) مەتری ٥٣٢ ملیۆن و ٨٠٠هەزار  دینار، بۆ ئەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێبوونبوو دروستکراوە و  سێ ملیار و ٥٧٨ ملیۆن دینار، بۆ ته‌واوكردنی سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی تووشبوانی تالاسیمیا و دروستکردنی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی جۆری (A) و لێدانی (6) بیری ئاودابینکراوە.

روونیشیکردووەتەوە کە ١٠٧ ملیۆن دینار، بۆ دابینکردنی پێداویستی نەخۆشخانەکان خەرجکراوە و کۆی گشتی ئەو هاوکارییە داراییەیانەی کە لەلایەن کۆمەکبەخشانەوە ڕاستەوخۆ بەخشراوە بە هەژار و کەمدەرامەتەکانی پێنج ملیار و ٧٤٥ ملیۆن و ٨٦٠ هەزار دینار بووە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button