دوای دیدارێکی لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی رۆژنامەنووسێک لە هەولێر هەڕەشەی لێدەکرێت

لڤین:

 

دوای دیدارێکی لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی رۆژنامەنوسێکی شاری هەولێر هەڕەشەی لێدەکرێت، راشیدەگەیەنێت، کاری ڕۆژنامەوانی بەتایبەت بۆ کەسێکی ئازاد، تەواو خەتەرناک بووە.

 

رۆژنامەنووس محەمەد گۆران، لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە “نزیک بەمانگ و نیوەک دەبێ، چەند ڕۆژنامەنووسەکی یەکێتی بەمنیشیان گوت حەزدەکەین وەک کەسێکی بێلایەن، سەردانەکی هاوسەرۆکی یەکێتی بکەین، لەسەر باسوخواسی تازە و ڕەوتی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری لەهەولێردا، دەردەشەک دەکەین و چایەک دەخۆینەوە، گوتم بۆ نا، دێم!”.

 

ئەو لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت “نزیک بەکاتژمێرەک دانیشتین، هەندێ قسە و هەڵساین، لەدوای گەڕانەوەش حەزم نەکرد وێنە دابنێم، گوتم خەڵکی ئێمە وایە، لەمەودوا هەر شتەک بنووسم، دەڵێن: دەڵێی بۆچوونت گۆڕاوە، چەندت وەرگرتووە!”.

 

ئەو دەپرسێت “بەدرێژایی مانگێک دەبێ، بەچەندین شێوە و جۆر ئاگادار دەکرێمەوە کە ئاگاداری خۆم بم، تاقیب دەکرێم!؟.

 

پرسیارەکە ئەوەیە، کەسێکی وەک من، بۆچی بەسەردانەکی سلێمانی و هاوسەرۆک، دەبێ بکرێمە یەکێتی و تاقیب بکرێم، بەسەردانەکی قەندیل ببم بەپەکەکە و بەسەردانەکی بارزان بکرێم بەپارتی!”.

 

محەمەد گۆران وتوشیەتی “ئەو ئیرهابەی ڕۆژنامەنووسان گەیشتووە بەئاستەک، ئیدی کاری ڕۆژنامەوانی بەتایبەت بۆ کەسێکی ئازاد، تەواو خەتەرناک بووە، چونکە ئەگەر نەکرێی بەسیخوڕی دەرەکی، ئەوە دەتکەن بەجاسووسی ناوەخۆ! بۆیە من بەهەمووان ڕادەگەیەنم هەرچی بەسەرم بێت، هۆکارەکەی چا خواردنەوەیەک و ئەم وێنەیە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button