ئەوقاف لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنەوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە

لڤین:
سەبارەت بە دیاریکردنی یەکەمین رۆژی جەژنی ڕەمەزان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، داوا دەکات کە جگە لە لیژنەی باڵای بینینی مانگ ھیچ کەس و لایەنێک لەو بارەیەوە لێدوان نەدات.
وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر دیاریکردنی یەکەمین رۆژی جەژنی ڕەمەزان، لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، “بەمەبەستی دیاریکردنی یەکەمین ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 11 ئایار لیژنەی باڵای بینینی مانگ بەھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکیەکان لەسەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن و بەپێی بەڵگە زانستی و شەرعیەکان بڕیار لەسەر دیاری کردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدەن”.
ئەوقاف ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە “دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری فەرمی لیژنەی بینینی مانگ ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە لێدوان لەم بارەیەوە بدات”.