سوپای ئیسرائیل: 130 ئامانجمان لە غەزە بۆردومان کردووە

لڤین:
سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان 130 ئامانجیان لە غەزە بۆردومان کردووە، بەو هۆیەشەوە 24 فەلەستینی کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ بڵاویکردەوە لە وەڵامی هێرشە موشەکییەکانی غەزەدا 130 ئامانجی سەربازییان لەو شارە بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا 15 چالاکوانی حەماس و جیهادی ئیسلامیان کوشتووە.
بەپیی زانیارییەکان لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەزە 24 فەلەستینی کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
ماوەی چەند ڕۆژێکە گرژیی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە، شەوی 9ی ئەم مانگەش نوێژخوێنان دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، دژی نیشتەجێکردنی جولەکەکان لەو گەڕەکە خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا زیاد لە 200 فەلەستینی و نزیکەی 15 پۆلیسی ئیسرائیلیش برینداربوون.
لە رۆژی 10ی ئەم مانگەشدا پۆلیسی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دروست بوو تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
دوێنێ لە وەڵامی هێرشەکانی پۆلیسی ئسرائیل، باڵی سەربازی حەماس چەند موشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، هەر ئێوارەی دوێنێش وتەبێژێک بەناوی سوپای ئیسرائیلەوە رایگەیاند، دوێنێ ئێوارە “لەکەرتی غەززەوە 18 موشەک ئاراستەی قودسکراوە، لەوەڵامی ئەو هێرشە موشەکییانەدا هێرشێکی پێچەوانەمان بۆسەر کەرتی غەزە و ئەوانەی لەپشتی ئەو موشەکانەوە بوون دەستپێکردوە”.