كۆدی بێ هاوتا بۆ فەرمانبەران دروستدەکرێت

لڤین:

بەپێی هەواڵێک کە ناس کورد بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتى دارایی، فۆڕمێکی، ئاڕاستەى فەرمانگەکانى کردووە و فەرمانبەران دەبێت فۆرمەکە پڕبکەنەوە”. ئاشکرایشی کردووە کە بەمەبەستى پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی بایۆمەتری و دروستكردنی كۆدی بێ هاوتا.

نەخۆشخانەى ئاشتى لە سۆران کە یەکێکە لەو دامەزراوانەى فۆرمەکەى ئاڕاستەى فەرمانبەرەکانى کردووە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە،” ئەوەی لە فۆڕمەكەدا هاتووە بۆ دروستكردنی كۆدی بێ هاوتایە بۆ فەرمانبەران، ئەو كۆدی بێ هاوتایە بۆ دروستکردنی هەژماری بانكیە بۆ فەرمانبەران”.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، لە لێدوانێکدا بۆ سایتەکە، ئاشکرای کردووە، “ئەوەی داواکراوە فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان فۆڕمی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی بایۆمەتری پڕ بکەنەوە شتێکە بۆ سەرژمێریییە و هیچ پەیوەندی بە موچە و پاشەکەوتی موچەوە نییە و تەنها بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئاماری فەرمانبەرانە.”

لەبارەی ئەوەی دەوترێت بۆ کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ فەرمانبەران، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی، ئاشکرای کردووە، “کردنەوەی هەژماری بانکی لەم قۆناغەدا ناتوانرێت بۆ فەرمانبەران بکرێت چونکە ماوەی 10 ساڵە حکومەت لەوبارەیەوە لەهەوڵدایە و تا ئێستا 50% کارەکانی تەواو کراوە و کاری زیاتری ماوە”.

سەرچاوەکە وتویەتی،”جگە لەوەش بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی دەبیت بانکەکانی هەرێم لە نێوان پارێزگاکان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) پێکەوە ببەسترێنەوە ئەوکات دەکرێت هەژمارەکە بکرێت چونکە ئەمە تەنها و تەنها بۆ کردنەوەی هەژمارەکە نییە بەڵکو سیستمی ئەلیکترۆنییە و پێویستی بەوردەکاری زیاتر هەیەو بۆ ئەوەش هەوڵەکان بەردەوامە”.

بەپێی رێنماییەکانى وەزارەتى دارایی، هەموو فەرمانبەرێک کە لە بایۆمەتری تۆمار كرابێت، دەبێت ئەو فۆڕمە وەربگرێت و پاش دڵنیابوونەوە لە زانیارییەكان، لە ناو و لەدایكبوون و باركۆد، دەبێت واژ و پەنجەمۆری بكات.

هەروەها پێویستە فەرمانبەر کۆپی ناسنامەکەی کە بارکۆدی بایۆمەتری لەسەرە لەگەڵ فۆرمەکە هاوپێچ بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button