لەشەڕی مزگەوتی ئەقسا 215 فەڵەستینی بریندار بوون

لڤین:
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیان کوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیسی ئیسرائیل و خۆپیشاندەرەکانی ناو مزگەوتەکە ڕوویدا بە هۆیەوە دەیان کەس بریندار بوون.
مانگی سووری فەلەستینی ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل بەیانی دووشەممە هەڵیانکوتایە سەر حەوشەکانی مزگەوتی ئەلئەقسا و هێرشیان کردە سەر ئەوکەسانەی لەمزگەوتەکەدا بوون ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێ کەوتەوە.
هێزەکانی ئیسرائیل گازی فرمێسک ڕژێن وفیشەکی مەتاتیان بەکار هێناوە وهێرشیانکردۆتە سەر ئەو کەسانەی لەناو مزگەوتی ئەقسا بوون و بە هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون.
لای خۆییەوە مانگی سووری فەلەستینی ئاماژەی بەوەکرد، کە لە پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەقسا و دەوروبەری شاری قودسی کۆن 215 فەلەستینی برینداربوون، کە 4 حاڵەتی زۆر سەختیان لە نێوانیاندا هەیە.
هاوکات فیراس ئەلدبس ئەفسەری زانیاری لە بەشی وەقفی قودس ڕایگەیاند، کە هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی مزگەوتی ئەقسایان گەمارۆ داوە و هەموو ئەوکەسانەی لە ناویدایە بە ئامانج دەیانگرن.
ئەم ڕووداوانە دوای شەڕ و پێکدادانەکانی شەوی ڕابردوو دێت کە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو لەنێوان خۆپیشاندەرانی فەلەستینی و هێزەکانی ئیسرائیل لە گەڕەکی باب ئەلعامود، باب ئەلسەحرا و شێخ جەرەح، لە دژی پلانی ئیسرائیل بۆ ئاوارەکردنی خێزانە فەلەستینییە قودسییەکان لە گەڕەکی شێخ جەرەح .