هاووڵاتیەک بە هۆی تەقینی مینەوە گیانی لەدەستدا

لڤین:

رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین ـ هەولێر، بە میدیاکانی،راگەیاندووە،” دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ مینێك به‌ هاووڵاتیەکی دانیشتووی قه‌زاى چۆماندا ته‌قییه‌وه‌، هاووڵاتیەکە ناوی شوان جەمالە و تەمەنی ٢٩ ساڵە، کارمەندی پۆلێسی قەزای چۆمانە و خەڵکی گوندی وەردێ یە”.

هەروەها ڕایگەیاندووە،” ئه‌و هاووڵاتییه‌ لە بناری چیای هەڵگورد بەرمین کەوتووە و سه‌ره‌تا هەردوو قاچی لەدەستداوە، به‌ڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە مینڕێژ کراوە، ماوەیەکی زۆر له‌ شوێنی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌كه‌ ماوەتەوە و خوێنی زۆری له‌به‌ر رۆیشتووە، بۆیە گیان لەدەستداوە”.

سەبارەت بەهۆکاری چوونی ئەو هاووڵاتیە بۆ ئەو ناوچە مینڕێژکراوە، بەرپرسەکەی دەزگای مین، ئاشکرای کردووە،” هێشتا دیار نیە بۆچی چووه‌تە ئەوشوێنە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گژوگیای بەهارە چووبێت، داواشی لەهاووڵاتیان کرد خۆیان لە ناوچە مینڕێژکراوەکان بپارێزن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button