قائیمقامی سلێمانی:

١٢٢ شوێن داخراوه‌

لڤین:

قائیقمامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت؛ له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ( ١٢٢ ) شوێنیان روبه‌ڕوی داخستن كردوه‌ته‌وه‌ و ( ٥٥٠ ) خاوه‌ن شوێنیان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌‌ جارێكی دیكه‌ سه‌رپێچی نه‌كه‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ( ٩ی ئایاری ٢٠٢١ ) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی ئاماری كارو چاركییه‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌ مانگی ره‌مه‌زانی ئاشكراكرد، رایگه‌یاند:”لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى لە مانگی ره‌مه‌زاندا زیاتر له‌ ( ٧٨١٥ ) سه‌ردانیان ئه‌نجامداوه‌، له‌و ژماره‌ ( ٨٢٥ ) پسوڵه‌ی سه‌رپێچیان له‌ شوێنه‌كان تۆماركردوه‌ و ( ٥٥٠ ) ئاگادارییان داوه‌ته‌ خاوه‌ن شوێنه‌كان كه‌ پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن بن و جارێكی دیكه‌ سه‌رپێچی نه‌كه‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌یان روبه‌ڕوی داخستن و رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌”.

وتیشی‌: به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی ‌مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و رێنماییه‌كانی دیكه‌ی كاركردن و پابه‌ندنه‌بون به‌رێكاره‌كانی خۆپارێزی، وه‌ هه‌روه‌ها دانان و عه‌مباركردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌ شوێنی پله‌ی گه‌رمی به‌رز و به‌ر تیشكی خۆر لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ( ١٢٢ ) شوێنیان داخستوە و ( ١٢ ) شوێنیشیان داوەتە دادگا”.

ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی راشیگه‌یاند،” به‌ شێكی زۆری ئه‌و خوارده‌مه‌نیانه‌ی له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا خواستی زۆریان له‌سه‌ره‌ شیرنییه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌‌ ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر لە ( ٥٢ ) تۆن خواردن و خواردنه‌وه‌دا بگرن كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ خورما و شیرنییه‌كان پێكهاتون و له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی نیشته‌جێبون له‌ناوبراون”.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد،” به‌هۆی سه‌رپێچیكردن له‌ رێنماییه‌كانی كاركردن، شوێنه‌كان به‌بڕی به‌ ( ٤٨ ) ملیۆن و ( ٢٥٠ ) هه‌زار دینار سزای دارایی دراون‌ و به‌پێی یاسا و رێنماییه‌ داراییه‌كان ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر داهاتی گشتی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button