كۆگای ئاوی سلێمانی داخرا

لڤین:
بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و تەندروستی، لیژنه هاوبهشهكانی قائیمقامیهتی سلێمانی، كۆگای ئاوی سلێمانی-یان داخست.
قائیمقامیهتی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و گواستنهوهی ئاوی لهدهبهنراو له پلهی گهرمی بهرز و بهرتیشكی خۆر، قایمقامیەتی سلێمانی (كۆگای ئاوی سلێمانی) له گهڕهكی ئیبراهیم ئهحمهد داخست و خاوهنهكهشی رووبهڕووی رێكاری یاسایی دهكاتهوه.
لەو بارەیەوە کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری لە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی رابردودا لیژنەکان لەڕێگەی سەردانیان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان و هەروەها لە راگەیاندنەکانیشەوە هەموو شوێنەکانیان ئاگادار کردوەتەوە کە عەمبارکرد، دانان و گواستنەوەی خواردن و خواردنەوە لەشوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر قەدەغەیە و بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.
وتیشی: بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە خواردن و خواردنەوە دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە، وەهەروەها شوێنی عەمبارکردنەکەی فێنک بێت و لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات.
رونیکردەوە:”پلەی بەرزی گەرما لەگەڵ تیشکی خۆر هۆکارن بۆ کارلێککردن لە نێوان دەفرەکە و ئەو خواردن و خواردنەوەی لەناویدایە، ئەمەش زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و بەکارهێنەر توشی شێرپەنجە دەکات”.
کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، داوا لە خاوەن کارگە و کۆگا و مارکێت و دوکانەکان دەکات پابەندبن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن تا ناچار بەسزادانی هیچ شوێنێک نەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەلایەن ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانییەوە لیژنەکان راسپێردراون لەکاتی هەبوونی سەرپێچیدا، شوێنەکان دابخرێن و خاوەنەکانیشیان روبەڕوی رێکاری یاسایی توند بکرێنەوە.