قائیمقامی قەزای ماوەت:

لە دوو شوێندا چیای ئاسۆس بۆردومانکراوە

لڤین:

کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت، لە لێدوانێکیدا بۆ میدکان، ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ (شەممە )، کاتژمێر ١٠ و ١٠ خولەکی سەرلەبەیانی شاخی ئاسۆس لە ھەردوو شوێنی ( خڕۆڵی کانی کنێر و کەڵکی شیلانان ) لە سنوری گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت لە لایەن فڕۆکەی جەنگیەوە بۆردومانکران.”

سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی بوردومانەکان، ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ھەرچەندە ئەو دوو شوێنە جێگەی رەز و باخی ھاوڵاتیانی گوندی گەڵاڵەن، بەڵام بۆردومانەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە، هەرچەندە لە کاتی بۆردومانەکە چەند جوتیارێکی گوندی گەڵاڵە لە شوێنی بۆردومانەکە بوون و ئەوانیش سەلامەتن”.

ڕونیشیکردووەتەوە، “لەساڵی ٢٠١٧ـەوە چەندین جار شاخی ئاسۆس لەلایەن فڕۆکەی جەنگی تورکیاوە بۆردومانکراوە بە پاساوی بوونی پەکەکە لە شاخەدا ئاسۆس، ھەر بۆیە نزیکە بۆردومانی ئەمڕۆش ھەر لەلایەن فڕۆکەی جەنگی تورکیاوە کرابێت.”

جێگەی ئاماژە پێدانە کە، لە مانگی ٨ی ساڵی رابردووشدا، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی چەند گوندێکی سنوری شارباژێڕیان کرد و بەوهۆیەوە، کەسێک شەهید بوو و شەش ئەندامی خێزانێکیش برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button