سکانداڵی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان کوردستان دەخاتە مەترسیەوە

لڤین:
ئەوانەی دەستگیرکراون رۆژنامەنوس نەبوون، بەڵکو بەشیکیان هەوڵیاداوە نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بتەقێننەوە، بەشێکی دیکەیان کاریان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە ئەوان سیخوڕ و تێکدەربوون، ئەمە وتەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمە لە رۆژی ١٠ی شوبات، دوای پێنج رۆژ دادگای تاوانی دووی هەولێر ماوەی شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید سەپاند، دوای ئەوەش دۆسیەکە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە کرا
دادگای پێداچوونەوە بڕیاری ژمارە (٤٦٨) لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١ تایبەت بە پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگای (تاوانەكانی دووی هەولێر) بۆ سزادراوانی پارێزگای دهۆك راگەیاند و تیایدا سزای ئەو چالاکوانانەی پەسەند کرد.
بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە لە پێش هەمووانەوە لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرایەتی وڵاتانی تووشی شۆککرد کە تیایدا دیداری لەگەڵ کونسوڵخانەکان وەک تاوان هەژمار کردووە، هەر بە خێرایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو کردەوە.
راگەیەندراوەکەی ئەڵمانیا لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا بە تووندی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە لە دژی دەستگیرکراوان و نیگەرانی خۆشیراگەیاند لە ناوهێنانیان وەک تاوانبار.
لە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەدا سەردانکردن و پەیوەندی چالاکوانانی بادینانی بە کونسوڵگەریەکان وەک تاوان داناوە، بە گوێرەی زانیاریەکانی لڤین هەر دوێنێ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ناڕەزایی دەربڕیوە و بە بەرپرسانی هەرێمیان راگەیاندووە ئەوان یەکێک لە کارەکانیان پەیوەندییە بە چالاکوانان و رۆژنامەنوسانەوە، بۆیە ناکرێت ئەوە وەک تاوان لەسەر خەڵک هەژمار بکەن.
ئەگەرچی بڕیارەکەی دادگا وەک ئابڕوچون لێک دەدرێتەوە، بە زۆرینەی پێنج دادوەرەکە دەرکراوە و کە هەریەکە لە دادوەران (محەمەد مستەفا، موسڵیح گێلانی، عەبدوڵا شێرڤانی) لەسەر پشکی پارتی دەنگیان بە بڕیارەکە داوە، سەرۆکی دەستەکە یەکێکە لەو پێنج دادوەرەی خزمەتیان تەواو بوەو دەبوایە خانەنشین بکرێت بەڵام ساڵی رابردوو بەبڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەری بەبێ پاڵپشتی یاسایی خزمەتەکەی بۆماوەی ساڵێک بۆ درێژ کرایەوە، دوو دادوەرەکەی دیکەسلە پشکی یەکێتی لەگەڵ پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا نەبوون.
ئەو بڕیارە سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی ناچار کردووە هۆشداری بدەن لە مەترسیداری ئەو بڕیارە لەبەر ئەوەی بەراوردی دەکەن بە کوشتنەکەی جەمال خاشقچی لەلایەن شازادەی سعودییە کە ئەو وڵاتەی روبەڕووی قەیرانێکی فراوان کردەوە.
هەر لە بارەی ئەو بڕیارەوە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی، رایگەیاند، ئازادیخوازانی كوردستان شایهنی پاراستن و پشتیوانین ودەشڵێت “نێرده دیپلۆماسییه نێودهوڵهتییهكان، بهدیهێنهری ناوچهی ئارام و پارێزهری ئهزموونی ههرێمی كوردستانن، تۆمهتباركردنییان به تۆمهتی بێ بنهما، سكانداڵه و زۆر خراپ ناوبانگی ههرێم لهكهدار دهكات”.
ئەو بە پێویستی دەزانێت به ههموو هێز و لایهنه سیاسی و مهدهنییهكان، روبهڕووی ئهم پێشهاته مهترسیداره بوەستنەوە و داوا لە سهرۆكی ههرێمی كوردستان دەکات “دهسهڵاتی خۆی بهكاربێنێ، دادگا له دهستێوهردانی سیاسی بپارێزێ، سزای ناڕهوای سهر گهنجه دهستگیركراوهكانی بادینان لابهرێ و ئهو دهستدرێژییهی كراوهته سهر نێرده دیپلۆماسییهكان، بهرپهرچبداتهوه”.
هەریەکە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا لە ماوەی رابردوودا زۆرترین هاوکاری حکومەتی هەرێمیان کردووە، بەشێوەیەک ئێستاش موچەی بەشێکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە ئەوان دابینی دەکەن و بەردەوامیش مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بەڕێوە دەچێت ئەوە جگە لە هاوکاریەکانی دیکەی ئەو وڵاتانە، بەڵام دادگا و حکومەتی هەرێم هاوکاری کردنی ئەوان بۆ چالاکوانان بە تاوان دەزانن.
ئەو بڕیارە بەشێک لە پارتییەکانیشی نیگەران کردووە بە شێوەیەک رێبوار کەریم وەلی، نوسەری نزیک لە سەرۆکی هەرێم دەڵێت: ئایا پارتی بەدوای تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکایە؟ ئەگەر تۆڵەکردنەوە نییە ئەوە سوکایەتیکردنە بە ئەمریکا و ئەڵمانیا کە بە ھێزی ئەوان ھەرێم ھێشتا نوزەیەکی تێدا ماوە. باوەڕ ناکەم نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتانە و خودی وڵاتەکان وا بە ھاکەزایی بەسەر ئەوەدا تێپەڕن.
لە ئێستادا فەرمانگەی راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێم دۆخێکی نائاسایی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لە کاردانەوەی ئەو وڵاتانە بپارێزێت و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا پەیوەندیان کردووە بە زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە و بڕیارەکەیان وەک بڕیاری دادگا پێوتوون.
لە ئێستادا تەنها یەک قۆناغی یاسایی ماوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، ئەویش “تصحيح قرار تميز”ه واتا ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای پیداچوونەوە، بۆ ئەوەش دەبێت پارێزەرەكان داواكاریەكی تایبەت پێشكەشی سەرۆكی دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە بكەن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ لەدەرچوونی بڕیاری پێداچوونەوە كە ئێستا تەنھا ٢٨ ڕۆژی ماوە.
لە قۆناغی دوای ئەوە تەنها رێگا بۆ رزگارکردنی ئەو بەندکراوانە ئەوەیە بڕیاری لێبوردنی گشتییە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دەردەچێت، ئەوەش گەر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی ئەنجام بدرێت و بە لێبوردنی گشتی ئازادیان بكات، ناڕاستەوخۆ رایدەگەیەنێت کە دادگا شوێنێكی سەلامەت نییە و دەكرێت بێ تاوان بكات بە تاوانبار، هەر بۆیە دەرکردنی بڕیاری لێبوردن زۆر قورسە.
هەر لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا 29 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوا لە دادگاكە دەكەن بڕیارەکەیان ڕاست بكەنەوە و سزای سزادراوان هەڵبوەشێننەوە، لەبەر بوونی ژمارەیەك هەڵە.
ئەو پەرلەمانتارانە كە لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، نەوەی نوێ و یەكگرتوون، چەندین خاڵیان خستووەتەڕوو کە پێچەوانەی یاسا مامەڵيیان لەگەڵ کراوە.