دوای ئەوەی دەستدرێژی کردە سەر ژنێک ئازاد کرا

لڤین:

ئەو پیاوەی بە دەم خەوەوە دەستدرێژی کردبووە سەر ژنێک دوای دەستگیرکردنی بە بیانووی ئەوەی کێشەی خەوی  هەیە کە پێی دەوترێت پاراسۆمنی ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵێکی ڕادیۆی دەنگی سوید، پیاوێکی بیست وپێنج ساڵان کە پێشتر لەلایەن دادگاوە بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ناسیاوێکی حوکمی زیندانی درابوو لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە ئازاد کرا.

سەبارەت بە هۆکاری ئازادکردنی ئەو پیاوە دادگای تێهەڵچوونەوە لە شاری یۆتۆبۆری دەڵێن کە چەندین بەڵگە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو پیاوە بە دەم خەوەوە دەستدرێژی کردووەتەوە سەر ژنەکە و ئاگای لە خۆی نەبووە.

پارێزەری پیاوەکە دەڵێت لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو پیاوە جۆرێک لە کێشەی خەوی هەیە کە پێی دەوترێت پاراسۆمنی کە لقێکی ئەو کێشەیە سێکسسۆمنییە، واتا بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت سێکس دەکات.

ژنەکە بەم بڕیارەی دادگا نائومێدە بەڵام لە زمانی پارێزەرەکەیەوە دەڵێت بڕیارەکەی دادگا جۆرێکە لە یەکلاییبوونەوە و هەست بە ئازادبوون لەم کێشەیە دەکات لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆرە ژیانی تاڵ کردووە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button