مەریوان لە ژێر رەحمی گروپە توندڕەوەکاندا
شاری مەریوان لە ژێر هێرشی شمشێری توندڕەوەکان

لڤین: ئێران وایەر
گرووپێکی تووندڕەوی جیهادی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بیانووی “کفرکردن”ی چەند گەنجێکی گەڕەکی (دارسێران)ی شاری مەریوان لەرۆژهەڵاتی کوردستان بە شمشێر، قەمە و چەقۆ هێرشیان ئەنجام داوە و چالاکوانێکیش دەڵێت ئەو گروپانە سەرکردەکانیان خەڵی هەریمی کوردستانن.
هێرشی تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان جگە لە دەنگەدانەوەی فراوانی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەی تووندی خەڵکی شارەکەی بەدواوە بووە.
بە وتەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی مەریوان سەرباری ئاشکرابوونی ناوی تاوانباران، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا دەسبەسەریان نەکردوون و خەڵکەکە لە ترسی هێرشی دووبارە، ماوەی چەند ڕۆژە بە دار، کوتەک و تەورەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان خۆیان ئامادەکردووە.
شەوی 1ی ئایارهەشت کەس لە تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان لە گەڕەکی دارسیڕان بە دوو ئۆتۆمبێلی “پێژۆ” دابەزین و بە وتنی دروشمی “ئەڵاوهوئەکەبەر” بە شمشێر، قەمە و چەقۆ و بە بیانووی کفرکردنی ژمارەیەک لە گەنجان و دانیشتوانی ئەم گەڕەکە هێرشیان کردۆتە سەریان.
دوای دروستبوونی شەڕ ئەو گروپە گەنجێکیان گرتووە کە لە کاتی هەوڵدان بۆ سەربڕینی ژنان و پیاوانی گەڕەکەکە هاتوون بە هاوارییەوە، گیانیان ڕزگار کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
شایەتحاڵان بە “ئێرانوایەر”یان وتووە یەکێک لەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە لە کاتی لێدانی گەنجەکەدا، هاواری کردووە: “مەترسن، سەری بپەڕێنن! کوشتنی فەرزە، ئەگەر بکوژرێت دەستەکانمان سەوز دەبێت.”
ناوی ئەو کەسەی کە تووندرەوە جیهادییەکان ویستوویانە بیکوژن، “جەماڵ فەیزی” (مینە عەلە)، ٣٢ ساڵان و خەڵکی شاری مەریوانە. سەرچاوەیەکی نزیک لەم بنەماڵەیە بە “ئێرانوایەر”ی وتووە “حاڵی جەمال باش نییە و جگە لەوەی سەری بە سەختی بریندار بووە، گەردنی بڕاوە و تا ئێستا هەر لە نەخۆشخانەدا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.”
بە وتەی شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکە، دوای ڕوودانی ڕووداوەکە و دەنگدانەوەی خێرای هەواڵەکە لە شاری مەریوان، زۆربەی دانیشتوانی گەڕەکی دارسێران و گەڕەکەکانیتری ئەوە شارە، بە تایبەت گەنجان، وەک ناڕەزایەتی لە (مەیدانی دارایی) دارسیڕان کۆبوونەوتەوە و خۆیان بۆ تۆڵەکردنەوە ئامادە کردووە “بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بەڵێنی دەسبەسەرکردنی تاوانباران، بڵاوەیان پێکردوون.”
شاهید حاڵەکە جگە لە ئاماژەکردن بە ڕەفتاری نا بەرپرسیارانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی مەریوان، بە “ئێرانوایەر”ی وتووە کە دوای چەند ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکە و سەرباری ئاگاداربوونیان لە هێرش دووبارە و هەڕەشەی ڕاشکاوی تووندڕەوە جیهادییەکان، هێشتا تاوانبارێکیش دەسبەسەر نەکراو و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ئانوساتێکدا دیسان هێرش بکەنە سەر گەڕەکە و کارەساتێک ڕووبدات.
ساڵح سەرداری چالاکوانی سیاسیی دانیشتووی ئەڵمانیا کە خەڵکی مەریوانە، قسەی بۆ پێگەکە کردووە وهێرشی تووندڕەوە جیهادییەکان بۆسەر گەنجان و خەڵکی مەریوان بە ڕووداوێکی نوێ نازانێت.
ئەو بە بیری هێنایەوە، ساڵی ڕابردوویش نموونە گەلی هاوشێوەی ئەمە ڕوویداوە، کە چەند کەس لەم تووندڕەوانە بە بیانووی کفرکردنەوە کرێکارێکی مەریوانیی سەرسنوری “باشماخ”یان گرتووە و تا توانیویانە لێیانداوە “تەنانەت چەند ڕۆژ پێش هێرشەکەی ئەم دواییانە بۆسەر دارسێران، ژنێکی جیهادی لەگەڵ دووکاندارێک لە بازاڕێ مەریوان بە هۆی ئەوەی جگەرەی کێشابوو بەشەڕ هاتبوو و دوای دەوری کاتژمێرێک، ئەم جارەیان لەگەڵ چەند کەسی دیکە گەڕابوونەوە لای دووکاندارەکە و لێیاندابوو.”
سەرداری بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی بەرەوام و چالاکیی چڕوپڕ، ڕێکخراو و تۆڕئاسای تووندڕەوە جیهادییەکان، لە کرماشان و سنە و مەریوانەوە بگرە تا دەگاتە سەقز و بۆکان و بانه، ئەگەر و هێرشی دووبارە بۆسەر دارسێران بە دوور نازانێت.
گومانی لەوە نییە کە بێ دەنگی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئازار و ئەزیەتێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ئەم گرووپانەوە بەرامبەر بە خەڵکی مەریوان کراوە، هەم بە نموونەی سەلمێنەری قسەکەی دەزانێت و هەم ئەم شێوازە لە ڕوبەڕوبوونەوەی کۆماری ئیسلامیش بە دەرفەتێک دەزانێت کە دەستی ئەم تووندڕەوە جیهادییانە ئاوەڵا دەکات بۆسەر هێرشکردنەسەر هاوڵاتیان و پیشێلکردنی ژیانی تایبەتی و کەسییان تا لە کوچە و کۆڵان، بازاڕ و تەنانەت لە پارکەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی مەریواندا ڕێگەیان لێبگرن.
هاوڵاتییەکی گەڕەکەکەی مەریوان وتوشیەتی تووندڕەوە جیهادییەکان دوای بەجێهێشتنی شوێنی ڕووداوەکە، داوایان لە هاوبیرانی خۆیان لە گوندەکانی دەوروبەری مەریوان کردووە بێن بە هانایانەوە.
ئەوەشی وت “ژمارەیەک لە تووندڕەوە جیهادییەکان لە گوندەکانی ناوچەی (چەم شامیان) بە تایبەت لە (دووڕووە)وە بۆ هێرشی دووبارە هاتوونەتە مەریوان. تەنانەت پێرێ چەند کەسیان چوونەتە ماڵی یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی تووندڕەوە جیهادییەکان لە گەڕەکی (کونەدێ)ی مەریوان و تا ئێستا ڕوون نییە نیازیان چییە و دەیانەوێت چی بکەن.”
ساڵح سەرداری ئاماژە بەوە دەکات مەریوان وەک شارێکی هەستیاری سەرسنور لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەری بۆتە مۆڵگە و بواری چالاکیی ئەم گرووپە جیهادییانە.
ئەو ئاشکراشی دەکات: چەند کەس لە ڕێکخەرانی سەرەکیی توندڕەوە جیهادییەکان لە مەریوان، لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی دوای لەناوچوونی حکومەتی (سەدام حسێن) لە عێراق، لە خولی جۆراوجۆردا، بۆ نموونە دوای هێرشی تیرۆریستیی ١١ی سێپتەمبەر لە ئەمریکا، دەربازی ئێران بوون و لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە مەریواندا جێگیرکراون و لە درێژ ماوەیشدا بوونە بەشێک لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو چالاکوانە کوردە دەشڵێت: زۆربەی تووندڕەوە جیهادییەکانی مەریوان و شارەکانیتری رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری هەبوونی پەیوەندی بەردەوام و شاراوە لەگەڵ توندڕەوە جیهادییەکانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی “داعش” خۆی ڕاگەیاند، لەگەڵ سەرکردەی ئەم گرووپە جیهادییەدا بەیعەتیانداوە و بوونەتە بەشێک لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەم گرووپە.
ئەو دەڵێت زۆربەی ئەم کەسانە یان بۆخۆیان، یان منداڵەکانیان یان ئەوانەی ناردوویانن بۆ بەرەکانی جەنگ لە سوریا و عێراق، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم دوو وڵاتەدا کوژراون.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە “ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تووندڕەوە جیهادییەکان لە گەڕەکی چوارباخ”ی مەریواندا دەژین. ئەوانە لەمێژە کە بەیعەتیان داوە بە (ئەلقاعیدە) و داعش و وەک ڕێکخەرانی سەرەکی و بەرپرسانی باڵای تۆڕی ئەلقاعیده و داعش لە مەریوان و گوندەکانی دەروبەری، بەبێ ڕێگریی زەقی کۆماریی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئازادانە سەرقاڵی پروپاگەندە و ڕێکخستن و ناردنی گەنجانی ناوچەکەن بۆناو ئەم گرووپە جیهادییانە لە سوریا، عێراق و ئەفغانستان.”