هێڵی گۆڕانکاری بزوتنەوەی ئیسلامی ناڕازییە لە بەشداری نەکردنی حزبەکە لە هەڵبژاردن

لڤین:
هێڵی گۆڕانکاری بزووتنەوەی ئیسلامی لە بارەی بەشداری نەکردنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەبری داننان بەگرفتەکانی ناوخۆی بزووتنەوەو ئەدای خراپی خۆیان لەبەڕێوەبردنی حزبەکە، کەوتنەوە پینەوپەڕۆی ناتەواوییەکانیان و پەردەپۆشکردنی بەرپرسیاریەتییان.
هێڵی گۆڕانکاری کە وەک گروپێکی جیاواز لە ناو بزوتنەوەی ئیسلامی راگەیەندراوە ئەوەشی وتووە، بەشدارینەکردنی حزبەکە لەم هەڵبژاردنەو شکستەکانی ڕابردووی بزووتنەوە لەئەستۆی کەسی یەکەمی حزب و چەند کەسێکیتری دەوروبەریەتی کە هەمیشە باوەشێنی خەون و خەیاڵەکانی بۆ دەکەن، جارێکیتر لەبری چارەسەرو بەخۆداچوونەوە، بەم جۆرە هەڵوێستانەتان فشاری دەرونی و بێ ئومێدی دەدەنەوە بەدڵی دۆستان و لایەنگرانی بزووتنەوە
ڕاگەیەنراوی ڕۆژنامەوانی هێڵی گۆڕانکاری بزووتنەوەی ئیسلامی
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لەسەروبەندی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، بەداخەوە جارێکیتر سەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی و کەسی یەکەمی حزبەکە لەبری داننان بەگرفتەکانی ناوخۆی بزووتنەوەو ئەدای خراپی خۆیان لەبەڕێوەبردنی حزبەکە، کەوتنەوە پینەوپەڕۆی ناتەواوییەکانیان و پەردەپۆشکردنی بەرپرسیاریەتییان لە شکست و پاشەکشەی بەردەوامی ئەم حزبە، گوێ بەوە نادەن کەخەڵک و جەماوەری کوردستان چاوکراوەن و لەیادیانە کە هەر لەچوارچێوەی ئەم پرۆسە سیاسییەدا بزووتنەوە دوو کورسی پەرلەمانی کوردستانی هەبوو، دواتر بوویە یەک کورسی و پاشان خۆشاردنەوەی ئەمانە لەبەرپرسیاریەتی دۆخەکە بەتەواوی بزووتنەوە لەناو پرۆسەی سیاسی کوردستاندا مایەپوچ بوو، کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری و خۆدزینەوە لەهۆکاری بەشدارینەکردنی حزبەکە لەم هەڵبژاردنەو شکستەکانی ڕابردووی بزووتنەوە لەئەستۆی کەسی یەکەمی حزب و چەند کەسێکیتری دەوروبەریەتی کە هەمیشە باوەشێنی خەون و خەیاڵەکانی بۆ دەکەن، جارێکیتر لەبری چارەسەرو بەخۆداچوونەوە، بەم جۆرە هەڵوێستانەتان فشاری دەرونی و بێ ئومێدی دەدەنەوە بەدڵی دۆستان و لایەنگرانی بزووتنەوە کە چوار ساڵ جارێک دەنگێکیان هەیە بە حزبەکەیانی بدەن ئێوە سەرکوتی دەکەن و بەرامبەر بەئاییندەی بزووتنەوەی ئیسلامی زیاتر ڕەشبینیان دەکەن.
لەماوەی ڕابردوودا ئێمە تکای زۆرمان کردو پرۆژەو پێشنیاری زۆرمان خستە بەردەست ئەو بەڕێزانە کەئەوەی دەیکەن بێ بایەخکردنی خوێنی شەهیدان و مێژووی ڕابردووی خەباتی شاخ و شاری بزووتنەوەیە، بەڵام دیارە ئەوانەی گوێمان لێ ناگرن و بڕیاریان داوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بزووتنەوە وەک دوکانێکی سیاسی و کۆمپانیایەکی بازرگانی بمێنێتەوە نەک وەک حزبێکی سیاسی کارا لەگۆڕەپانی کوردستاندا.
هێڵی گۆڕانکاری بزووتنەوەی ئیسلامی
٢٠٢١/٥/۷