پەرلەمانتارێکی پارتی:

دادگاكان سەربەخۆیانە كاری خۆیان دەكەن و بڕیار و حوكمەكانیشیان بەپێی یاسا دەرچواندووە

لڤین:

شەوی ڕابردووە، لە نامەیەکدا کە بۆ دادگای پیاچوونەوەی هەرێمی کوردستانیان ناردووە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوایان کردووە کە” داوا لە دادگاکەتان دەکەین، بڕیارەکەتان، بڕیاری‌ ژمارە (٤٦٨) لە بەرواری‌ (٢٨ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢١) تایبەت بە پیاچوونەوە بە بڕیاری‌ دادگای‌ (تاوانەکانی‌ هەولێر٢) تایبەت بە سزادراوانی‌ پارێزگای‌ دهۆک ڕاست بکەنەوەو سزای‌ هەریەکە لە سزادراوان (شیروان ئەمین، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا، گوهدار موحەممەد ئەمین) هەڵبوەشێننەوە، لەبەر بوونی‌ ژمارەیەک هەڵە”.

لە وەڵامدانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە، عەبدولسەلام دۆڵەمەری ئەندام پەرلەمانی پارتی لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندووە” باس لە دادگایی کردنی پینچ کەس لە دادگایەکی هەولێر دەکەن کە خۆیان بە دەمی خۆیان دەڵێن کاریان بۆ پەکەکە کردوەو زانیاری هەواڵگرییان کۆکردۆتەوەو پلانی تیرۆر کردنی پارێزگار و دادوەر و چەندین کەسایەتیان هەبووە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:.

نیفاقی حیزبی‌و سیاسی‌و هەڵوێستی هەندێ پەرلەمانتار

عەبدولسەلام دۆڵەمەری
‎ئەندامی فراکسیۆنی پارتی

بەداخەوە کە ئەگەر لە هەر شوێن و دامەزراوەیەکی دیکە پێشێلی یاسا و عورفی کار بکریت، دەبیت پەرلەمان بە پێی یاسا و پەیرەوی ناوخۆ بەر مەبنای کاری پەرلەمانی هەوڵی راستکردنەوەو دادپەروەری و نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بکات. نیفاقی سیاسی لەوەدایە بە نموونە ٢٩ پەرلەمانتار دێن لە سەر دەسەلاتی دادوەری بۆ کەیسی پێنچ حوکمدراو یاداشت بلاو دەکەنەوە بەلام لەسەر کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر لە سلیمانی و گەرمیان و هەلەبجە و کۆیە و راپەرین وزەیان لێوە نایەت. باس لە دادگایی کردنی پینچ کەس لە دادگایەکی هەولێر دەکەن کە خۆیان بە دەمی خۆیان دەڵێن کاریان بۆ پەکەکە کردوەو زانیاری هەواڵگرییان کۆکردۆتەوەو پلانی تیرۆر کردنی پارێزگار و دادوەر و چەندین کەسایەتیان هەبووە، بەلام ئەم ٢٩ پەرلەمانتارە لەسەر کەیسی لانە و ئامانج بابانی بێ هەڵوێست دەبن. سەیرە ئەم بەریزانە باس لە پێشیلکاری یاسا و  لەسەروەری یاسا لە هەولیر دەکەن بەلام بۆ کوشتنی زانای قائمقامی پێشووی سلیمانی و رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بێ دەنگی هەلدەبژێرن. زۆر شت هەیە لە سەر ئەم موزایەدە و نیفاقە سیاسیە قسەی لێ بکەین، بەلام وەک ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەمەوێت هەندی سەرنج لەسەر یاساشکێنی و دەستیوەردانی ئەم ٢٩ پەرلەمانتارە لە کاری دادگاکان بکەم.

‎یادداشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەمەڕ پەسەندكردنی كۆتایی حوكمی چەند تاوانبارێك لە سنووری پارێزگای دهۆك لەلایەن دادگای باڵای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، شكاندنی یاسا و ڕێساكانی كاری پەرلەمانییە و تێپەڕاندنی بنەماكانی دیموكراسیەت، سیستەمی پەرلەمانیی، ئیدارەدان و ڕێكخستنی دەسەڵاتەكانیشە. هەروەها دەستتێوەردان و خۆهەڵقورتاندنە لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاكان، كە بەپێی بنەما دەستووریی و یاساییەكان دەسەڵاتی دادوەری خاوەنی دەسەڵات و تایبەتمەندێتی خۆیەتی. هەروەها شكاندنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیشە كە بەچەندین شێواز ڕێگریی لە ئەندامانی پەرلەمان كردووە كە خۆهەڵقورتاندن و دەستتێوەردان لە كاروبارەكانی دەسەڵاتەكانی دیكە، بە تایبەتیش دادوەری و دادگاكاندا بكەن.

‎هەربۆیە، لەبەر ئەوەی ئەم یادداشتە یاساشكێنی و پابەندنەبوونی پەرلەمانتارانە بەو ڕێسا و یاسا و پەیڕەوەی كە كار و ئەرك و دەسەڵات و بەرپرسیارێتی پەرلەمانتارانی دیاریكردووە، پێویست دەكات پێویست دەكات بە لۆجیك، بنەماكانی دیموكراسی و حوكمڕانی و حوكمەكانی یاسا وەڵام بدرێتەوە.

‎(1) لە هەرێمی كوردستاندا بە پابەندبوون بە بنەماكانی دیموكراسیەت و پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەریی) بنچینەكانی حوكمڕانی و ئیدارەدان ڕێكخراون. ئەمەش بە ساناترین واتایدا ئەوەیە كە نابێت دەسەڵاتێك دەست لە كاروبارەكانی دەسەڵاتەكانی دیكە وەر بدات.

‎دروستە بەجێبەجێكردنی سیستەمی پەرلەمانی هەماهەنگی و چاودێریی و پەیوەندیی نەرم و تەواوكاریی لەنێوان دەسەڵاتەكاندا، بە تایبەتیش یاسادانان و جێبەجێكردندا هەیە، بەڵام سنووری جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانیش ڕوونن و لە هیچ بارێكدا هیچكام لە دەسەڵاتەكان بۆیان نییە نە دەستتێوەردان و خۆهەڵقورتاندن لە دەسەڵاتەكانی دیكەدا بكەن، نە خۆیان بەباڵاترو سەرووتر بزانن و خۆیان لەمەوقیعی سەپاندندا ببنین. وەك ئەوەی لە شێوازی نووسینی یادداشتەی ئەو 29 پەرلەمانتارەدا دەبینرێت.

‎(2) تایبەت بە كاری پەرلەمان و پەرلەمانتاریش لە كوردستاندا، بە شێوەیەكی تایبەتی، بە پەیڕەوی هەمواركراوی خودی پەرلەمانی كوردستان ڕێكخراوە. بۆیە پێویست دەكات كە پەرلەمانتاران ئەوپەڕی پابەندێتی خۆیان بە یاساكان و بە تایبەتیش بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە ڕەچاو بكەن.

‎پەرلەمانی كوردستان ئەگەرچی بەگوێرەی ماددەی (2) لە پەیڕەوی ناوخۆ،  “باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێردیكردنە”، هاوكات “مەرجەعی سیاسیی و یاساییشە لە كوردستاندا. ” بەڵام تەنها “ئەو دەسەڵاتانە پیادە دەكات” كە لە پەیڕەوی ناوخۆ و “یاسا كارپێكراوە پەیوەنددارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە” دەكات. بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران نییە كە سنووری دەسەڵاتەكانی دامەزاروەكانی دیكەی كوردستان تێپەڕێنن و خۆتێهەڵقورتاندن لە كاروبارەكانیاندا بكەن. زۆر بە دیاریكراویش دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان. ئەمەش بەگوێرەی حوكمی بڕگەی (شەشەم) لە ماددەی (22)ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان، لە ئەركە جێگیرەكانی ئەندامانی پەرلەمانە كە “نابێت ئەندام دەست لە كارەكانی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی دادوەری و جێبەجێكردن وەر بدات.

‎(3) لە كوردستاندا ئەركێكی سەرەكی هەر پەرلەمانتارێك بریتییە لە چاودێریكردن. بەڵام بە گوێرەی حوكمەكانی بڕگەی (شەشەم) لە ماددەی (56)ـی یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1992 ـی كوردستان و بەشی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و پیادەكردنی سیستەمی پەرلەمانیی، چاودێریكردن زیاتر چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. هەرچی تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاكان، ئەوا  بە حوكمی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (59)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمانتار و لێژنەكان بۆیان نییە لەو بابەتانە بپرسنەوە كە لەبەردەم داداگاندا بێت.
‎لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی یاسا پەرلەمانتار بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە خۆی لەو بابەتانە هەڵقورتێنێت كە پرسی تاوانكاریین و پەیوەندییان بە كار و پسپۆڕێتی دادگاكانەوە هەیە. ئەمەش  بەگوێرەی حوكمی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (43)ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان “بابەتە تاوانكارییەكان و هەر بابەتێك لەژێر تێڕوانینی دادگاكاندا بێت نابێتە بابەتی لێكۆڵینەوە لێژنە تایبەتەكانی پەرلەمان.”

‎بەشێوەیەكی گشتییش، موماسەرەكردنی مافی چاودێریكردن بەگوێرەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ ڕێوشوێن و ئسوڵی خۆیی بۆ دیاریكراوە، بەڵام لەم بەیاننامەیەدا ڕەچاوی هیچكام لە ڕێوشوێنەكانی چاودێریكردن نەكراوە.

‎(4) بەپێی حوكمی بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (24)ـی پەیڕەو  ئەندامانی پەرلەمان وێڕای ئەوەی “ئازادی ئاخاوتن و ڕادەربڕینیان لە كاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا” هەیە، بەڵام دەبێت “ڕەچاوی ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم، لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان بكات”.  واتە ئازادی ڕەها بۆ پەرلەمانتار دەستەبەر نەكراوە و سنووری ئازادییەكەی بە سنووری دەسەڵات و تایبەتمەندی دەسەڵات و دامەزاروە یاساییەكانی دیكەی كوردستان، كە بە یاسا دیاریكراوە، كۆتایی دێت.

‎(5) دادگاكان سەربەخۆیانە كاری خۆیان دەكەن. بڕیار و حوكمەكانیشیان بەپێی یاسا دەرچواندووە. ڕوونكراوەتەوە كە حوكمی ئەو تاوانبارانە لەبەر بنەمای یاسای ژمارە (21)ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی كوردستان، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ـی ساڵی 1969 و یاسای ڕێوشوێنەكانی دادگاییكردن ژمارە (23)ـی ساڵی 1971ـی هەمواركراو، بووە. دادگا باڵای تێهەڵچوونەوەش ئەم شێوازە پشتبەستن و حوكمدانەی پەسەندكردووە.
‎بۆیە گومانخستنە سەر بێگەردێتی دەسەڵاتی دادوەری كوردستان و دەستتێوەردان لە كاروبارەكانیان مەترسی لەسەر گەلی كوردستان  دروست دەكات و ئاساییشی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و متمانەی هاووڵاتیان بە دەسەڵاتەكانی خۆیان لاواز دەكات، نەك دەرچواندنی حوكمێك بەسەر كۆمەڵێك تاوانباردا كە لە حوكمدانیاندا پشت بە بنەما یاساییەكان بەستراوە. بۆیە ئەم هەڵوێستەی ئەم پەرلەمانتارانە پێچەوانەی سوێندنی پەرلەمانتارییە كە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (12)ـی پەیڕەوە كە پەرلەمانتار سوێند بە خودای گەورە دەخوات كە پارێزگاری لە بەرژەوەندی یە باڵاکانی گەلی كوردستان بکات.

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button