کێ پارتی دەوەستێنێ؟!

لڤین: هەڵمەت عەلی

کەیسی چالاکوانە زیندانیکراوەکانی بادینان تەواوی دەرەوەی پارتی و نیوەی ناوخۆی پارتیشی کردووەتە دژی ئەم هەنگاوە مەترسیدارە، لەم کەیسەدا پارتی بە تەنیا نییە، بەڵکو خراپتر لەوە بەنیوەی جەستەیەوە ڕێدەکات، یاخوبونی باڵێکی پارتی لەم تاوانەدا جیاوازییەکانی نێوخۆی حزبەکەی زەقتر کردەوە و پێی وتین؛ هەمو پارتییەکان دژی ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتکردنی ئازادییە کەسییەکان نین، پێی وتین؛ ڕاستە پارتی حیزبێکی مەرکەزی توندوتۆڵە، بەڵام درز و کەلێنی خۆی هەیە کە بەرمەبنای دوو دونیابینی جیاوازە.

٭٭٭٭

خاڵی مەترسیداری ئەم کەیسە بێباکی و پێداگری باڵێکی پارتییە کە لەئێستادا هەوڵی تانوبۆی پارتی و لەوێشەوە تانوبۆی جومگەکانی حکومڕانی دەدات، هەمو ئاماژەکان پێمان دەڵێن؛ ئەم خواستە، ئەم کەڵکە ئاگرینە باکی بە ناڕازەییەکانی دەرەوەی پارتی و تەنانەت ناوخۆی حیزبەکەشی نییە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی مەترسیدارە کە مانەوەی خۆی تێدا دەبینێ، بۆیە چاوەڕێ دەکرێ لە چەند ساڵی ئایندەدا هەنگاوی مەترسیدارتر ببینین، چونکە ستەم، ستەم بەرهەم دەهێنێ گەر ئیرادەیەک نەبێ بۆ پێداچونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.

٭٭٭٭

ئەم کەیسە هاوشێوەی زۆرێک لە ڕووداوەکانی تر پێی وتین؛ ئیرادەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی تەنیا لە ناڕەزایەتیدا خۆی دەبینێتەوە، توانای بەربەستکردنی هەڵە و نەنگییەکانی پارتیان نییە و بەناچاریش دەبێ بەشێک لەو ناشیرینیانە لە کۆڵ بنێن کە پارتی وەک پەڵەیەکی ڕەش لەسەر جەستەی سیستمی حکومڕانی جێگیری دەکات، چونکە ئەم هەنگاوە کۆی ئەزمونەکە و سیمای حکومڕانی هەرێم ناشیرین دەکات کە پارتی بەتەنیا نییە تیایدا، ئاشکراشە هەمو ڕاپۆرتە ڕەخنەییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دۆخی ئازادی هەرێم، ڕوو لە ئەزمونی حکومڕانی هەرێمە نەک بەتەنیا پارتی … ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ لەنێو ئەو هەمو ناڕەزایەتییانەی دەرەوە و ناوخۆی هەرێمدا، کێ پارتی دەوەستێنێ..؟!

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button