فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان:

پەسەند کردنی بریارەکەی دادگا نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری

لڤین:

دادگای پێداچوونەوە سزاکەی دادگای تاوانەکانی هەولێری لەبارەی سزادراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی پەسەند کرد و بڕیارەکەی ئاراستەی تیمی پارێزەران کرد.

بە گوێرەی نوسراوێک کە ئاراستەی تیمی پارێزەرانی پێنج سزادراوەکەی بادینانی کردووە، دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) بڕیاری سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.

دادگای پێداچوونەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە “تاوانباران لە دانپێدانانەکانیان کشانەوە لەکاتی دانیشتنی دادگا بەڵام ئەمە گرنگ نیە چونکە پێشوتر لای دادوەری لێکۆڵینەوەی دانیان بەتاوانەکانیان ناوە و بەپێی مەودای کاتیش لێکۆڵینەوەی دادوەری لێکۆڵینەوە نزیکتر بووە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان بۆیە ئەو دانپێدانانە بەهەند وەردەگیرێت”.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندووە:” پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی”.

 

راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان .

سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان ، کەبەدەنگی (٣ ) ئەندام لە کۆی (٥ )ئەندامی دادگاکە پلەی کۆتایی پێدراوە.

پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .

ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگری بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بریارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە ،سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە ؟

ھەربۆیە نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .

لەھەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، رێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن .

فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان

٧-٥-٢٠٢١

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button