هەڵوێستی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا و کونسوڵگری ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە

لڤین:

بە گوێرەی نوسراوێک کە ڕیکەوتی ( ٢٨ / ٤ / ٢٠٢١ ) دەرچووە و ئەمڕۆ ( ٦ی ئایاری ٢٠٢١ ) ئاراستەی تیمی پارێزەرانی پێنج سزادراوەکەی بادینانی کراوە، دادگای پێداچوونەوە سزاکەی دادگای تاوانەکانی هەولێری لەبارەی سزادراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی پەسەند کرد.

یەکێک لەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی ئەو زیندانیانە کراوە ئەوەیە ” کە بڕی ( ٥٠٠ ) هەزار دۆلاریان لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە بەمەبەستی دژایەتی کردنی هەرێم و حکومەتی هەرێم”.

لەوبارەیە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە” لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە قسەر لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردووە”.

هەروەها ڕایانگەیاندووە” ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لێی وەک یەکێک لە بەها سەرەکیەکانمان. هەروەها بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا، بەدەستڕا گەیشتن بە پارێزەریشەوە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەدا هاتووە”چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیبلۆماتە ئەمەریکیەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن”.

وتویشیەتی”ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەو ڕێزەی چاوەڕێی دەکەین هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیبلۆماتانە بیانیانە دەکەین کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە”.

هەروەها کونسوڵگری ئەڵمانیا لە هەولێر، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر لەسەر بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولیر بۆ سزادانی سزادراوانی بادینان هاتە دەنگ و نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی، ڕایگەیاندووە” بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا زۆر سەیر و سەمەرەیە و بێمانایە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی عێراقە”

هەروەها ڕایانگەیاندووە” داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکەن بڕیاری لێخۆشبوون ”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button