سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ:

ئەمریکا پێویستی بەپێدانی پارە نیە بۆ دژایەتیکردنی ھەرێم و حوکمڕانیەکەی

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ ( DHRD ) کە رێكخراوێكی تایبەتمەندی بواری یاساو مافی مرۆڤە، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بڕیاری پەسەندكردنی سزادانی چالاكوانانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچونەوە دەربڕی و ڕایگەیاندووە” دادگای پێــداچــونەوە بـڕیاردەدات ھەموان بـێ دەنگ بیــن ”.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە” ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەڕێوەچونی کۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و ھەرێمی کوردستان و پێویستی بەپێدانی بڕی (٥٠٠٠ $ پێنج ھەزار دۆلاری ئەمریکی نیە بە شەش کەس بۆ دژایەتیکردنی ھەرێم و حوکمڕانیەکەی)”.

 

دەقی بەیاننامەكە…

بۆ ڕای گشتی

بەیاننامەی ڕێکخراوی DHRD سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان

دادگای پێــداچــونەوە بـڕیاردەدات ھەموان بـێ دەنگ بیــن

پاش ئەوەی دادگای تاوانەکانی دوەمی ھەولێر لەپرۆسەیەکی دادگاییکردندا کە سەرلەبەری مایەی سەرنج و ھەڵوەستە لەسەرکردن بو، ھەر لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بێ سەروشوێن بونیان بۆ ماوەیەکی زۆرو ڕێگەنەدان بە کەسوکارو پارێزەرەکانیان بۆ بینین و سەردانیکردن و ئامادەبون لەقۆناغەکانی لێکۆڵینەوە تا دەگاتە پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەخێرایی و کۆتاییھێنان بە دۆسیەیەکی ئاوا ھەستیار لەماوەی تەنھا دو ڕۆژو دەرکردنی بڕیار لەڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ بەسزادانی ڕاگیراوان بۆ ماوەی ٦ شەش ساڵ زيندانيكردن. پاش ئەو ھەمو کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی لەسەر بڕیارەکە دروست بو، دواتر ھەمو چاوەکان چوەسەر دادگای پێداچونەوەی ھەرێم تاکو بەچاوێکی یاسایی وردترو تێگەیشتنێکی یاسایی تر لە چالاکی مەدەنی و داوای ماف و ئازادیيەکان بڕیار لەدۆسیەکە بدات، بەڵام بەداخەوە لەڕۆژی ٢٨-٤-٢٠٢١و بەبڕیاری ژمارە (٤٦٨/الھیئة الجزائیة-الثانیة/٢٠٢١) کە ئەمڕۆ بڵاوبویەوە، دەستەی سزایی دوەمی دادگای پێداچونەوە بڕیاری پەسەندکردنی سزادانی چالاکوانانی بادینانی بەزۆرینە پەسەند کرد. کە وێڕای نیگەرانیمان لەکۆی پرۆسەکەو مەترسی گەورەی ئەم بڕیارە لەسەر ئازادییە گشتیەکان و خەباتە مەدەنییەکانی داواکردنی ماف و ئازادییەکان، ھاوکات بەکورتی ئەم سەرنجانە لەسەر بڕیارەکەی دادگای پێداچونەوە دەخەینە ڕو:

١/ بڕیارەکە بەزۆرینە دەرچوە (واتە لەکۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام پەسەندیان کردوەو دو ئەندام دژی بون) کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە تەنانەت پێنج دادوەر ھاوڕا نەبون لەسەر بڕیارەکە چ جای بگات بەدەنگی ناڕازی ھەزاران کەسی دژی ئەم بڕیارە (جگە لەوەی ھەموان دەزانین کە ھەژمونی پارتی و یەکێتی بەسەر دادگاکان و دادگای پێداچونەوە چ ڕۆڵێکی ھەیە لەدەرچونی بڕیارەکان).

٢/ خاڵێک کە زۆر جێی لەسەر وەستانەو لەھەردو قۆناغی دادگایی کردن و پێداچونەوە جەختی لەسەرکراوەتەوەو وەک کردەیەکی تاوانکاری سزادراوان ئاماژەی بۆ کراوە سەردانی ئەو کەسانەیە بۆ کونسوڵگەری ئەمریکا لەھەولێر و وەرگرتنی ھاوکاری مادی بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەڕێوەچونی کۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و ھەرێمی کوردستان و پێویستی بەپێدانی بڕی (٥٠٠٠ $ پێنج ھەزار دۆلاری ئەمریکی نیە بە شەش کەس بۆ دژایەتیکردنی ھەرێم و حوکمڕانیەکەی) .

٣/ یەکێکی تر لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سزادراوان پەیوەندی کردنی سزادراوانە لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی، کە ناردنی وێنە و دۆکیۆمێنت بۆیان، کە جێی پرسیاری ھەموانە ئەبێت ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی چ مەترسییەکی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

جگە لەھەمو ئەو وردەکارییە یاساییەی لەڕاپۆرتێکی شیکاری پێشتردا خستمانەڕو.

لەم کاتەدا ڕێکخراوی DHRD  وەک ڕێکخراوێکی تایبەتمەند لەبواری سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، نیگەرانی خۆمان لەم جۆرە بڕیارانە دەردەبڕین و بەکارھێنانی دادگا بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی شەقام بەمەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئازادییەکان دەبینین و داواکارین لەسەرجەم ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەنەکان بەردەوام بن لەدەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ئەم بڕیارە و دروستکردنی فشاری زیاتر بەئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی.

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ DHRD
٦ی ئایاری ٢٠٢١

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button