ناوەڕۆكی كۆبونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدی باڵای ئەمریكا ڕاگەیەندرا

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ( لڤی ) کەوتووە، هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمریکا، ڕایگەیاندووە” ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٥ی ئایاری ٢٠٢١ )  لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان”.

تێیدا هاتووە” دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەی بون، گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕوی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا”.

ئاماژە بەوەیشداروە کە ” هاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا هەیبوە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دوپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستوەکانیان لە وڵاتدا”.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە ”لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستەڕو”.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕوەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا،لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە” هاوسەرۆکان دوپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە”.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی عێراقش” ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دور لە دەستتێوەردان”.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە سەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابوری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردولا لە تەواوی بوارەکاندا”.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button