پۆلیس لە بارەی کوشتنی کەسێک و بریندارکردنی دوو کەسی دیکە زانیاریی بڵاوکردەوە

لڤین:
لەسەر دۆسیەی كوشتی كەسێك و برینداركردنی دوو كەسی دیكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێك لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.
شەوی ڕابردوو لە سنوری ناحیەی بەرزنجە، لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا زانیاریی وردی لەسەر ئەو دۆسیەیە ئاشکرایکرد و ڕایگەیاند مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە و دەستیشگیراوە بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس “شەوی ڕابردوو کاتژمێر 1:30، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق ئاگاداركرایەوە لە بوونی ڕووداوێكی تەقەكردن لەگوندی دەرەتەكی سەربەناحیەی بەرزنجە لە سنوری قەزای سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سەیدسادق و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و زانرا دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێك كراوە كە سێ سەرنشینی تێدا بووە و بەهۆیەوە یەكێك لەسەرنشینەكان بە ناوی (أ ، ت ، م) لەدایكبووی 2001 گیانی لەدەستداوەو دوو سەرنشینەكەی تر بریندار بوون”.
هەر لە ڕآگەیەندراوەکەدا هاتووە “پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارێك بەناوی (س ، م ، م) لەدایكبووی 1986 دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا كە بەتۆمەتبار بووە”.
لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا بەردەوامە و هەركەسێك لەم دۆسیەیە تێوەگلابێت دەستگیردەكرێت و ڕووبەڕووی یاسادەكرێتەوە.