ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیندرا

لڤین:
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبێتەوە و فەرمانگەی میدیا و زانیاریش تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکراکرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٥/٥ی زایینی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: پێشنووسی پڕۆژەی ستراتیژیی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق
دووەم: بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی پڕۆژە یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی.
سێیەم: خستنەڕووی پێشنووسی پڕۆژە یاسای (کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق).
چوارەم: خستنەڕووی پێشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق).
پێنجەم: ڕاپۆرتی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەکان.