پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان:
تائێستا بڕیارەکەی دادگای تەممیز پەسەند نەکراوە

لڤین:
پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان راگەیاند، تائێستا بڕیارەکەی دادگای تەممیز لە بارەی سزادراوانی بادینانەوە تەسدیق نەکراوە، وتیشی: داوامان کردووە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە دانیشتن بکات.
هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان، سەبارەت بە بڕیاری دادگای تەمیز لە بارەی پێنج سزادراوەکەی بادینان ڕایگەیاند، “لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆچوونەکان نوسراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراوە و نەبووە بە بڕیار”
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە “بەردەوامین لە داکۆکیکردن و قۆناغێکی ترمان لە پێشە، و بڕیارەکەی دادگای تەممیز تەسدیق نەکراوە”.
وتیشی: “ئێمە داوامان کردووە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە، لەسەر ئەو دۆسیەیە دانیشتن بکات، تا زۆرترین دادوەر ئاگاداری دۆسییەکەبن”.
هەرێم ڕەفعەت، ڕوونیشیکردەوە “ئەگەر دەستەی گشتی هەمان بۆچوونی هەبێت ئەوا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت”، جەختیشیکردەوە کە “ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتە ڕووبدات کەواتە دادگای تەممیز و دادگای تاوان و کۆی گشتی دەسەڵاتی قەزائی خاوەن بڕیار نابێت، دادگای پێداچونەوەی هەرێم گەورەترین دەسەڵاتە لە هەرێم و ئەگەر خەڵک لەوان بێهیوا بێت ئەبێت ڕوو لە کوێ بکات”.