حکومەتی هەرێم حەوت ھەزار دوو مووچەی راگرت

لڤین:

بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان، ئاشکرایکرد کە دەستیان كردووە بە راگرتنی مووچەی ئەو كەسانەی زیاتر لە مووچەیەكیان ھەیە و تا ئێستاش حەوت ھەزار كەس لەوانە مووچە زیادەکانیان ڕاگیراوە و تەنها یەک مووچەیان هێڵراوەتەوە، ئەوەشی وت کە ژمارەی ئەو کەسانەی دوومووچە وەردەگرن لەو ژمارەیە زیاترە.

سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە: ئێمە وەكو خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان، ١٤ بەڕێوەبەرایەتیمان لە سەرجەم ھەرێمی كوردستاندا ھەیە و داوامان لە سەرجەمیان كردووە كە ھەر كەسێك زیاتر لە مووچەیەكی ھەیە، رایبگرن، بۆیە ئەوان یەكلای دەكەنەوە كە كێ زیاتر لە مووچەیەك وەردەگرێت و بڕیارە ئەوەی زیاتر لە مووچەیەك وەردەگرێت رایبگرن، كە تاوەكو ئێستا حەوت ھەزار كەس مووچەیان راگیراوە، بەڵام ھێشتا ماوە و پێویستە ھەمووی كۆبكەینەوە، ئەوكات ئاماری دروست دیار دەبێت چەندە.

بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێم، وتیشی: “ئەو كەسانەی مووچەیان راگیراوە، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیییەکانی خۆیان بكەن، بۆ ئەوەی بزانرێت ھۆكار چییە مووچەكەیان راگیراوە، كە نابێت لە مووچەیەك زیاتریان ھەبێت، چونكە ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەكیان هەبێ، لە تۆماری بایۆمەتری دیار دەبێت، بۆیە پێویستە پشتگیری بێنن لە بایۆمەتریی ھەرێم بۆ سەلماندنی ئەوەی كە یەك مووچەیان ھەیە و ئەگەر زیاتر لە موچەیەكیش بوو، یەكێكیان دەبڕدرێت و تەنھا یەك مووچەیان پێ دەدرێت”.

جەختیشیکردوەتەوە کە ئەوەی بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەكی وەرگرتبێت، یەكێكیان راستەوخۆ دەبڕدرێت، بەڵام بەگوێرەی یاسای چاكسازی نانبڕاوكردن نییە، بەڵام دوو مووچە نامێنێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button