سەنتەری میترۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سزادراوانی بادینان دەکات

لڤین:

سەنتەری میترۆ داوا لە دادگای پێداچونەوە دەکات سزای پێنج چالاکوانەکەی بادینان هەڵبوەشێنێتەوە و ئاماری پێشێلکاریەکانیشی لە ٤مانگی رابردوو بڵاوکردەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، ئاماری پێشێلکارییەکان لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەمساڵدا ٤٩ پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.

نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند،  ئاماری پێشێلکارییەکان بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٥٠٪ دابەزیوە.

ئەو روونیکردەوە لە ١یکانونی دووەمی٢٠٢١ەوە تا ٣٠ینیسانی٢٠٢١، لە هەرێمی کوردستان ٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣٦ رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن لە هەرێم ئەنجامدراوە.

ئەوەشی وت لەو ژمارەیە، ٢٣ حاڵەت رێگری لە رووماڵکردن بووە، ١٥ حاڵەت هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی، ٦ حاڵەت زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و پێنج حاڵەتیش دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگا بووە.

نوێنەری سەنتەری میترۆ  داوای لە دادگای تەمیز کرد، بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی هەولێر بۆ سزادانی پێنج چالاکوان  و رۆژنامەنووسەکەی بادینان هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button