راکان جبوری: پلانی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکانی عێراقمان داناوە

لڤین:
لەسەر زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش لە پارێزگای کەرکووک، پارێزگاری بە وەکالەتی شارەکە رایگەیاند پلانیان داناوە بۆ ئەوەی بۆشایی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق نەهێڵن.
راکان سەعید جبوری، رایگەیاند “کێشەی ئەمنی لە شارەکە ھۆکاری خراپ بڵاوبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانە و ھەندێک لە ناوچەکانی دەورووبەری کەرکووک بۆشایی ئەمنی تیا دروستبووە و ئەمەیش لەلایەن تیرۆریستانەوە بەھەل وەردەگیرێت و ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان”.
ئە ئاماژەی بەوەکرد کە کەرکوک دوا ناوچەی عێراقە کە لە داعش پاککراوەتەوە و چەکدارانی رێکخراوەکەش لەناو شارەکە خۆیان شاردۆتەوە و نەتوانراوە لەناو ببرێن و دەشڵێت:لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی شارەکە پلانی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی دەورووبەری کەرکوک دانراوە بۆ ئەوەی ھیچ کێشەیەکی ئەمنی تر روونەدات.
ئەوەشی روونکردەوە: بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا ھەیە و لەھەندێک شوێن پێنج و لە ھەندێک شوێنی تر ١٠ کیلۆمەتر بۆشایی نێوانیانە چەکدارانی داعش ئەو بۆشاییانە وەک ھەلێک بۆ ھێرشکردن بەکاردەھێنن.
پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک وتیشت “تیرۆریستان دژی ھەمووانن و ئەوەتا لەیەک رۆژدا ھێرش دەکەنە سەر ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە بۆیە دەبێت ھەماھەنگی لەنێوان ئەو ھێزانەدا ھەبێت”.