عەبدولستار مەجید:

مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لە داگیرکاری زەویەکانیان بکرێت

لڤین:

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ ( شەممە، ١ی ئایاری ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیاندراوێكدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، ڕایگەیاندووە”تاڵان و گەندەڵییەکی زۆر خەتەرناک دەستیپێکردوە، ئەویش داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە”.

هەروەها نووسیویەتی”لە گوندەکانی ئاشۆڕکان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی”.

لە نوسراوەکەی ( سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ) دا هاتووە”لەنێوان هەردو شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٥٠ مەتری زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی مەسیحییەکانی عەنکاوە هەیە کە حاڵی حازر بە گەنم چێندراوە، دراوەتە کۆمپانیایەک بەناوی لاڤا، شۆفڵ و حەفارەی تێکردوەو تەنانەت چاوەڕێیان نەکردوە تا دروێنە دەکرێت”.

نوسیویشیەتی “بەم هۆیەشەوە مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت”.

لە کۆتایدا هاتووە”کار گەیشتۆتە ئەوەی مەسیحییەکان بڵێن فیزامان بدەنێ با بەیەکجاری بڕۆین و ئەم وڵاتەتان بۆ جێبهێڵین”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button