نێچیرڤان بارزانی: كاربكەن بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا

لڤین:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند پێشتر چەندین جار هۆشداریانداوە لە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، دوای هێرشەکەی شەوی رابردووش جارێکی دیکە داوا دەکات هەمان هەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێرا بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی رابردووی رێکخراوی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا لە ناوچە جێناکۆکەکان”.

سەرۆکی هەرێم راشیگەیاند: چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

كاتژمێر 21:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنوری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا.

لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button